ئۆزگور ئۆزەل: بۆ چارەسەری بەرپرسیارێتی خۆمان دەزانین

سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل ئاماژەی بەوەکرد پێویستە کێشەی کورد لە ژێر چاودێری ئەنجوومەندا، لەگەڵ هەموو چین و تویژەکانی کۆمەڵگە و بە شێوەیەکی ڕوون چارەسەر بکرێت و گوتی: "بەرپرسیارێتی خۆمان سەبارەت بە چارەسەری دەزانین".

سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئۆزگور ئۆزەل دوای بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاندراوێکی دا.

ئۆزەل لەسەر میدیای دیجیتالی ڕاگەیاندراوێکی دا و گوتی: "وەک جەهەپە لە هەڵوێستی مێژوویی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی وڵاتەکەمان بە ڕێگەی دیموکراتیک بەردەوامین".

'پشتگیری دەکەین'

ئۆزێل ئاماژەی بەوەکرد ئەوان بەردەوامن لە هەڵوێستی خۆیان کە پێویستە کێشەی کورد لە ژێر چاودێری ئەنجوومەندا، لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە شێوەیەکی ڕوون چارەسەر بکرێت و گوتی: "بۆ دیموکراسی، دەوڵەتی یاسایی و ئاشتیی کۆمەڵگە و بۆ چارەسەری لە چوارچێوەی بۆچوونی هەموو کۆمەڵگە، بەرپرسیارێتی خۆمان دەزانین. لە تەواوی کارەکانمان بەردەوامین".

ئۆزەل گوتیشی: "بێگومان بابەتێکی وەها بەداواکاری نا، بە باوەڕ و کارەوە چارەسەر دەکرێت. چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی تورکیا بە دابینکردنی ئاشتیی ناوخۆی پێک دێت. ئاشتیی ناوخۆی بە سیستمی دەسەڵاتخواز بەدی نایەت، بە ڕێگەی دیموکراتیک، جێبەجێکردنی ڕێبازەکانی دەوڵەتی یاسایی، دادپەروەری و یەکسانی بەدی دێت. هێندەی ڕاستکردنەوەی یاسا بۆ دیموکراتیکبوون، کۆتایی هاتنی کاری نایاسایی و پێشێلکردن لە دژی یاسا بنەڕەتییەکان گرنگە. جەهەپە ڕێگە نادات، هیچ پێگە و کەسێک لە چوارچێوەی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیدا، داخوازییەکانی کۆمەڵگە بۆ ئاشتی و دیموکراسی بەکاربهێنێت. هەموو جارێک پشتگیری لە هەوڵی ئاشتی و دیموکراسی و لە دژی شەڕوپێکدادان دەوستینەوە".