ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست: تورکیا و ئیسرائیل لە سوریادا دەبنە ڕکابەرێکی کوشندەیی یەکدیی

ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست وتارێکی سەبارەت بە ڕکابەریی ئیسرائیل و تورکیا لە سووریا بڵاو کردووەتەوە. بەگوێرەی شیکارییەکە، ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی نێو سووریا ڕیسکێکە کە کە دەتوانێت تورکیا و ئیسرائیل بخاتە دژبەری یەکترەوە.

بەپێی شیکارییەکی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست، هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پلانیان دانابوو بۆ تۆکمەکردنی بنکە ئاسمانییەکان لە سووریا بە سیستەمی بەرگری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕ. بە تایبەتی دەوترێت کە ئەوان خۆیان ئامادە دەکرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەی ئاسمانی T4 لە نزیک پاڵمیرا و شەوی ٢ی نیسان فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئەو بنکەیانە کردە ئامانج. جگە لە فڕۆکەخانەکە، سیستەمی ڕادارەکانیشی بۆردوومان کرد. هەروەها دەوترێت کە لانیکەم دوو بنکەی جیاواز و هەندێک خاڵی سەربازیش بۆردوومان کراوە.

گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی ڕووبەرێکی بەرفراوانی سوریا لە لایەن تورکیاوە "قبووڵکردنی پێگەی ئەنقەرەیە" هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. هەروەها ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداری دا و رایگەیاند: "ئەگەر سووریا ڕێگە بە هێزەکانی دوژمنی ئیسرائیل بدات چالاکی بکەن، ئەوا باجێکی قورسی دەدات."

نیگەرانییەکانی هەردوولا: "پارچەبوون" یان "سوریایەکی یەکگرتوو"؟

لەم شیکارییەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە ئیسرائیل دەیەوێت سووریا بە لاوازی و دابەشبوو بمێنێتەوە. دەوترێت ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ڕژێمی ئەسەد و فڕۆکە کۆنەکانی ڕوسیا و بنکەی سەربازییەکانی سوپای سووریای لەناو بردووە. هەروەها حکومەتی ئێستای سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات پشتیوانییەکی بەهێز لە تورکیا وەردەگرێت. ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئەم دۆخە ببێتە هۆی بنیاتنانەوەی سوریایەک لەژێر کاریگەری تورکیا.

لەلایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، خوازیاری سووریایەکی یەکپارچە و حکومەتی ناوەندی بەهێزە، لەکاتێکدا ئیسرائیل لەگەڵ سیستمی فیدراڵیدایە. ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بە تایبەتی ئاماژەی بە هەستیاریەکانی ئیسرائیل دەکات سەبارەت بە "نەتەوەی کەمینەی دروزی" و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دۆخە ناکۆکە لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا.

ئیکۆنۆمیست ئەگەری شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بە دووری نازانێت. تورکیە کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە ناتۆدا و یەکێکە لە هاوپەیمانە گرنگەکانی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیلیش لەجیاتی شەڕی ڕاستەوخۆ، سیاسەتی گوشاری بەرامبەر پەیڕەو دەکەن. ئەردۆغان متمانەی بە پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەیە و دەیەوێت بە سەرهەڵدانەوەی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەهێزتر بکات. هاوکات لە چوارچێوەی گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئۆکرانیا هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپاش دەدات. ئەمە ئەو فاکتەرەیە کە تورکیا لە شەڕێکی سەخت بەدوور دەخاتەوە.

لە بەرامبەردا لە بوارە جیاوازەکاندا ڕکابەریی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە سووریا قووڵتر دەبێتەوە. هەردووکیان نیگەرانن لە سەرهەڵدانەوەی پێگەی ئێران لە سووریا. بەڵام پرسی "چۆنیەتی پێکهێنانی پێکهاتەیەکی ئەمنی و بەڕێوەبەری لە سووریا" ئەو دوو وڵاتەی کردووتە ڕکابەری یەکتر.

هەروەها ئێکۆمونیست پێوایە ئەگەر ئەردۆغان ناوچەکە هێور بکاتەوە، ڕەنگە سوودی بۆ ئیسرائیلیش هەبێت، هاوکات هۆشداری دەدات کە ئەمە هاوسەنگییەکی هەستیار دەخوڵقێنێ و ڕەنگە لە هەر ساتێکدا هەڵوێستی توندی لێبکەوێتەوە.