ڕۆیتەرز: ملیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق ئامادەن چەک دابنێن
ڕۆیتەرز لە زمانی بەرپرسانی عێراقەوە ڕایگەیاندووە، گروپە ملیشیاکانی سەر بە ئێران بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەرجۆرە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، ئامادەن چەکەکانیان دابنێن.
ڕۆیتەرز لە زمانی بەرپرسانی عێراقەوە ڕایگەیاندووە، گروپە ملیشیاکانی سەر بە ئێران بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەرجۆرە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، ئامادەن چەکەکانیان دابنێن.
ڕاگەیەندراوە ئەم بڕیارە دوای هۆشداریی بەرپرسانی ئەمەریکا کە لە بەغدادەوە دراوە کە لە ئەگەری چەک دانەنانیان، هێرشی ئاسمانی دەکرێتە سەر ئەو گروپانە.
دەوترێت دانوستانەکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و گروپەکانی وەک کەتایب حیزبوڵا، نەجەبا، کەتایب سەید شوهەدا، ئەنساروڵای ئەوفیە گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
عیزەت ئەلشابەندەر، سیاسەتمەداری شیعە ڕایگەیاند، ئەو گرووپانە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی ئەمریکا.
یەکێک لە فەرماندەکانی کەتایب حیزبوڵا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "ترامپ ئامادەی شەڕ لەگەڵ ئێمەیە، ئێمەش دەمانەوێت خۆمان لە سیناریۆەکانی بەدوور بگرین. هەروەها ڕایگەیاندووە کە سپای پاسدارانی ئێرانیش ئیزنی به ملیشیاکان داوه که خۆیان له هەرجۆرە ململانێ به دوور بگرن.
ئەم گروپانە کە فەرماندەیی نزیکەی ٥٠هەزار چەکدار لە ئەستۆیانە لە عێراق، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، چەندین هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامداوە. بەڵام لەم دواییانەدا بەشێک لەو گروپانە بارەگاکانیان چۆڵکردووە و بوونی خۆیان لە ناوچەکانی وەک موسڵ و ئەنبار کەمکردووەتەوە هەتا نەبنە ئامانجی هێرشە ئاسمانیەکان.
ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە کە دەبێت ملیشیاکان سەر بە سوپای عێراق بن نەک ئێران. بەڵام واشنتۆن پیداگرە لە داماڵینی هەمیشەیی چەک لەلایەن ئەو هێزانەوە.
هەروەها عێراق هەوڵدەدات هاوسەنگی نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و ئێران بەرقەراربکات.