زیندانیانی سیاسی ٢٠٠ رۆژە لە مانگرتندان؛ دەبێت چالاکییەکانی دژ بە گۆشەگیری بەهێز بکرێن

بەرخودانی چالاکیی مانگرتنی زیندانیان لە ٢٠٠هەمین رۆژدایە، کە لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەڕێوەی دەچێت.

لە هیچ شوێنێکی دونیادا بۆ داوایەکەی ئەوەندە رەوا و مافدارانە مرۆڤەکان ناچار نابن، کە لەو ئاستەدا مردن بدەنە بەرچاوی خۆیان، بەڵام داگیرکەریی هەمەلایەنەی ئاکەپە – مەهەپە و زەوتکردنی دیموکراسی و هێرشە پاکتاوکارییەکان لە دژی کوردان و گۆشەگیری بوونەتە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانە کۆمەڵایەتی، ئابوروی و سیاسییەکان.

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەشێوەیەکی چڕ و قورس گۆشەگیریی خراوەتە سەر. زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستاندا لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی ماوەى ٢٠٠ رۆژە لە چالاکیی مانگرتنی بێسنووردان. پێداگرییان رۆژ لە دوای رۆژ بۆ چالاکییەکان و داواکانیان زیاتر دەبێت و داواکانیشان روون و گونجاو و رەوایە و رایانگەیاندووە، دەبێت چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجام بدرێت و کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا نەمێنێت.

زیندانیان نەک تەنها ئەمساڵ بەڵکو ساڵانی پێشتریش لە دژی گۆشەگیری چالاکیی مانگرتنیان ئەنجامداوە. ساڵی ٢٠١٢ و لە ئەنجامی مانگرتنی ٦٨ رۆژەدا، پەرلەمانتارانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (دەبەپە) ئەحمەد تورک، ئایلا ئاکت ئاتا لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ دا رۆیشتن بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا. دوای ئەوەش شاندی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و دەوڵەت تاوەکو ٥ی نیسانی ٢٠١٥ و لە ژێر ناوی "پرۆسەی چارەسەریدا" دەڕۆیشتن بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتنیان ئەنجام دەدا.

دوای ٥ی نیسانی ٢٠١٥ و لە دوای کۆتایهێنان بە پرۆسەى چارەسەری، گۆشەگیری قورس کرا و لە دوای هەوڵی کودەتا نیگەرانییەکان لەبارەی ژیان و ئاسایشی ئۆجالانەوە لە ناو رای گشتیدا زیادیان کرد. لەبەر ئەوەش ٥٠ سیاسەتمەداری کورد لە دژی گۆشەگیری لە ٥ی ئەیلولی ٢٠١٦دا لە بارەگای دەبەپە لە ئامەد دەستیان بە مانگرتن کرد. لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦دا رۆیشت بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. لە ئەنجامی ئەو چاوپێکەوتنەدا ٥٠ سیاسەتمەداری کورد لە ٨هەمین رۆژی مانگرتنەکەیاندا کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

سەرباری ئەوانەش دەسەڵات دەستبەرداری گۆشەگیری نەبوو و بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری جارێکیتر و لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگ لە زیندانی جۆری ئیی ئامەد دەستی بە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور کرد. دوای دەستپێکردنی چالاکییەکەى گیوڤەن زیندانیانی تر لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا، لە رۆژی ١ی ئاداردا لە شاری هەولێر ناسر یاگز ئەندامی هەدەپە و لە کامپی مەخمور فادیلە تۆک، لە ستراسبۆرگ ١٤ کەس، لە وێڵزی بەریتانیا ئیمام شیش و لە وڵاتی کەنەدا یوسف ئیبا و لە ناوچەى کەلاری گەرمیان هەرێم محەمەد بەشداری چالاکیی مانگرتن بوون. هەروەها پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد دەرسیم داغ و موراد ساریساچ لە رۆژی ٣ی ئاداری ٢٠١٩دا لە بارەگای هەدەپە لە ئامەد بەشداری مانگرتن بوون. لەبەر ئەوەی گۆشەگیری کۆتایی پێنەهێنرا لە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٩دا لە ١٥ زینداندا دەست بە چالاکیی مانگرتن تا مردن کرا. لە زیندانەکانی تریشدا ١٥ زیندانی تری سیاسی لە ١٠ی ئایاردا دەستیان چالاکیی مانگرتن تا مردن کرد.

لە شاری کاریفێڵدی ئەڵمانیا ئوغور شاکار لە بەردەم دادگادا ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا و شەهید بوو. لە زیندانەکانیشدا زولکوف گەزەن، ئایتەن بەچەت، زەهرا ساغلام، مەدیا چنار، یونجا ئاکجی، سیراج یوکسەک، مەعسوم پامای چالاکیی فیداییانەیان ئەنجامدا و شەهید بوون.

لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن، کە ماوەی ٢٠٠ رۆژ بەردەوامبوو، پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە دوای ٨ ساڵ لە رۆژانی ٢ و ٢٢ی ئایار و رۆژانی ١٢ و ١٨ی حوزەیران و ٧ی ئابی ٢٠١٩ سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. لەسەر بانگەوازی رێبەری گەلی کورد لە ٢٦ی ئایاردا چالاکییەکانی مانگرتن و چالاکییەکانی مانگرتن تاوەکو مردن کۆتاییان پێهات.

وەزیر دادی دەوڵەتی تورک سەرباری ئەوەى رایگەیاند، هیچ رێگرییەک بۆ سەردانی پارێزەران و بنەماڵەکان نییە و دەتوانن بڕۆن بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو لێدوان بەڵێنەیان نەبردە سەر و دیسانەوە درێژەیان بە گۆشەگیری دایەوە. لە دژی ئەوەش جارێکیتر زیندانیانی سیاسی لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کرد بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و کۆتایهێنان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا.

لە ئێستادا لە ١٠٧ زنیداندا ماوەى ٢٠٠ رۆژ و لە مەخمور ماوەی ١٧٩ رۆژ و لە یونان ماوەی ١٦٢ رۆژە چالاکیی مانگرتن بەڕێوەدەچێت.

لەو کاتەوە زیندانیانی سیاسی دەستیان بە مانگرتن کردووە، هێرش و و گوشاری سەر زیندانیان بەگشتی و زیندانیانی مانگرتووش بە تایبەتی زیادیکردووە، بەڵام زیندانیان رایانگەیاندوە، تاوەکو جێبەجێکردنی داوا رەوا و مافدارانەکانیان بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیان. هاوکات هەدەپە و کەجەدە رایانگەیاندوە، دەست دەکەن بە هەڵمەتی پشتیوانی زیاتر لە مانگرتوان و داواکانیان.

ژ.ت