ئاکەپەییەکان لە ناوخۆیاندا لە ئامەد بوو بە شەڕیان

لە کۆبوونەوەى راگەیاندنى ناوى پاڵێوراوەکانى ئاکەپە لە ئامەد شەڕ روویدا. لە کۆبوونەوەکەدا مەهدی ئەکەر وەزیرى پێشووى خۆراک و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و هەروەها نوعمان کورتولموش وەزیرى رۆشنبیری و گەشتیاری ئامادە بوون.

لە کۆبوونەوەى راگەیاندنى ناوی پاڵێوراوەکانى ئاکەپە دا و لە دواى ئەوەى نوعمان کورتولموش قسەکانى تەواوکرد، ناوی ١٢ پاڵێوراوی ئاکەپە بۆ ئامەد خوێندرایەوە. وەزیری پێشووى خۆراک و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کە ناوەکەى یەکەم ناوى لیستەکە بوو، دەستى بە قسەکرد. کاتێک ئەکەر قسەى دەکرد، دوو گروپ لە ناوکۆبوونەوەکەدا بوو بە شەڕیان.

لەبەر ئەوەى شەڕەکە گەورەبوو، ئەکەر و پاڵێوراوەکانى ترى ئاکەپە دەستێوەردانیان کرد، بەڵام بەخێرایى شەڕەکە گەورەتربوو. نوعمان کورتلموش لەلایەن پۆلیسەوە لە هۆڵەکە کرایە دەرەوە. شەڕی ئاکەپەییەکان لە دەرەوەى هۆلەکەش بەردەوام بوو. دواى ئەوەى پۆلیس دەستێوەردانى کرد، شەڕی ئاکەپەییەکانیش کۆتایى پێهات.

لەبارەى هۆکارى شەڕەکەوە هیچ لێدوانێک نەدرا و هیچ راگەیاندراوێکیش بڵاونەکرایەوە، بەڵام بەپێى ئەو زانیارییانەوەى دەستمان کەوتوون، هۆکاری شەڕەکە بۆ ساختەکاری و پارە و بەرتیلخۆری دەگەڕێتەوە. ئەوە روون بووەتەوە، کە ئەردال ئاتیک پاڵێوراى ئاکەپە لە ئامەد بۆ ئەوەى ناوەکەى لە ریزبەندی سێیەمى لیستی حیزبەکەیدا بێت، بڕی ٥ ملیار لیرەی داوە بە مەهدی ئەکەر، بەڵام سەربارى ئەوەش ئاتیک لە ریزبەندى پێنجەمی لیستى حیزبەکەیدا دانرابوو و ئەوەش بووە هۆکارى روودانى شەڕ لە کاتى راگەیاندنى ناوی پاڵێوراوانى ئاکەپە لەئامەد.

ر.م