ئولاش-ی ٢١ ساڵ ١٠٥ رۆژە لە چالاکی مانگرتندایە

زەکی ئولاش لە تەمەنی ١٢ ساڵی دا بەهۆی ئەوەی بەردی لە پۆلیس گرتبوو دەستگیر کرابوو. ئێستا ١٠٥ رۆژە لە چالاکی مانگرتندایە. ئۆلاش بە تەلەفۆن لەگەڵ دایکی قسەی دەکردووە و وتویەتی "تێکۆشانی ئێوە لە گۆڕەپانەکان سەرفرازمان دەکات".

چالاکییەکانی مانگرتن و رۆژووی مردن لە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. یەکێک لەو چالاکوانە مانگرتووانە زەکی ئولاش-ە، کە لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە بەهۆی بەردهاویشتنی بۆ پۆلیس دەستگیر کرابوو و ئێستاکە تەمەنی ٢١ ساڵە.

بنەماڵەی ئولاش کە لە خەڵکی گوندێکی سێرت بوون و ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی زوڵم و زۆردارییەکانی دەوڵەت و ئەشکەنجەکانی بە ناچاری کۆچیان بۆ ئەدەنە کرد. بنەماڵەی ئولاش رایانگەیاند، هەمیشە لە ئارەزوو و تامەزرۆیى وڵات دان. ئەمڕۆکەش هێشتا چاوەڕوانی ئەو رۆژەن، کە بگەڕێنەوە سەرماڵ و خاکی خۆیان. زەکی ئولاش منداڵی چوارەمی خێزانیێکی ٨ منداڵییە.

ئولاش لە قۆناغی ناوەندییەوە لە خوێندن دابڕاوە. کاتێک بۆ زەماوەندێک دەچێتەوە گوند. تامەزرۆیى وڵاتی دەکەوێتە دڵی و داوا لە دایکی دەکات کە باسی گوندەکەیانی بۆ بکات. دەیگوت گەورەترین خەونی ئەوە بوو لە گوندەکەی خۆیدا، کە دوژمن سوتاندبووی خانویەک دروست بکات.

"داوامان لێدەکەن خۆڕاگر بین"

دوای ئەوەی لە خوێندن دادەبڕێت هەر ماوەیەک لە شوێنێک کار دەکات، بەڵام زیاتر کاتەکەی لەناو گەنجان دەگوزەرێنێت. ئولاش لە چالاکییەکدا بەشداریکردبوو و بەهۆی ئەوەی وێنەیەکی گیرابوو بڕیاری دستگیرکردنی بۆ دەردەچێت. لە بەیانیی ئەو رۆژەدا، کە دەستگیر کرابوو دایکی کفتەی بۆ ئێوارە بۆ دروستکردبوو، کە زۆر حەزی لێی بوو. دایکی کە باسی ئەوە دەکات فرمێسک بە چاوانیدا دێنەخوار و دەڵێت :"خۆزگە بیخواردبا جا رۆیشتبا".

ئولاش-ی تەمەن ١٢ ساڵ بە بیانووی ئەوەی، کە بەردی گرتووەتە پۆلیس دۆسیەی بۆ کرایەوە. ١ ساڵ و ٣ مانگ سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. لە گرتووخانەی عوسمانیە بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبوو بچێتە بەردەم دادگا سزای زیندانیکردنی ١ ساڵ و ٨ مانگی دیکەی بەسەردا سەپێندرا. ئێستا ١٠٥ رۆژە لە چالاکیی مانگرتندایە.

 حەمیدە ئولاش زۆر نیگەرانیی کوڕەکەیەتی و دەڵێت: "ئەو لە ناوەوە و و ئێمەش لە دەرەوە بەرخودان دەکەین. دۆخیان باش نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ورەیان بەرزە و بەرخودان دەکەن. لە ئێمە باشترین، بەڵام زۆر نارەحەتى و ئازار دەکێشن. کوڕەکەم دەڵێت، دۆخی هەڤاڵەکانی قورسە و وتویەتی، یەکێک لە هەڤاڵەکانی بووە بە ٣٤ کیلۆ. تاکە داواکارییان لە ئێمە ئەوەیە بەرخودان بکەین و خۆڕاگر بین".

دایکی ئولاش ئەوەشی وت، هەفتەی رابردوو چووە بۆ سەردانیان و وتی، کوڕەکەم گلـلەیی لە بێدەنگیی دەرەوە دەکات. دەڵێت: "بۆچی دەنگمان باش نابیسترێت. تاکە هیوامان ئێوەن. تێکۆشانی ئێوە لە گۆڕەپانەکان سەرفرازمان دەکات".

ر.م