"ئەوانەى ئاکەپەیان بردە سەر دەسەڵات ئەمجارە لە دەسەڵات دەیهێننە خوارەوە"

خەدیجە کاڤرمان ئەندامى کۆمیتەى کۆنگرەى ئیسلامى دیموکراتیک رایگەیاند، ئاکەپە ئایینى بۆ خۆی کردووەتە کەرەستەیەکى سیاسی. راشیگەیاند، ئاکەپە لەم هەڵبژاردنەدا تێکدەشێکت و ئەوەش بەهۆى دەنگى ئەو مسوڵمانانەوە دەبێت، کە پێشتر درابوونە ئاکەپە.

خەدیجە کاڤرمان ئەندامى ئەنجوومەنى ژنان لە کۆنگرەى ئیسلامى دیموکراتیک لەبارەى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ و راستى ئاکەپە، کە بۆ بەرژەوەندیى خۆی هەستى مسوڵمانان بەکاردەهێنێت و هەوڵەکانى بۆ شاردنەوەى کێشەکانى ژنان، بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) قسەى کرد. کاڤرمان رایگەیاند، ئاکەپە لەم هەڵبژاردندا تێکدەشکێت و ئەو تێکشکانەش بەهۆى دەنگى ئەو مسوڵمانانەوە دەبێت، کە پێشتر بە ئاکەپەیان دابوو، بەڵام ئێستا ئامادە نین دەنگەکانیان بە ئاکەپە بدەن، چونکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە، کە ئاکەپە دەنگەکانى خراپ بەکارهێناون.

کاڤرمان ئەندامى کۆنگرەى ئیسلامى دیموکراتیک راشیگەیاند، ئاکەپە لەسەرەتاى دەسەڵاتدارییەکەیەوە تاوەکو ئێستا هیچ یەک لە بەڵێنەکانى جێبەجێ نەکردووە و سەربارى ئەوەش، ئایینى کردووەتە کەرەستەیەکی سیاسی بۆ خۆی، بەڵام ئێستا گەل ئەو راستییە بۆ دەرکەوتووە و لەبەر ئەوەش "ئەم قۆناغە بۆ ئاکەپە زۆر قورس و زەحمەت دەبێت".

کاڤرمان باسی ئەو توندوتیژییانەى کرد، کە لە ساڵانى ١٩٩٠دەکاندا بەرامبەر بە ژن ئەنجام دەدرا. بە تایبەت بەرامبەر ئەو ژنانە کە لە شوێن و گۆڕەپانە گشتییەکان و لە زانکۆکاندا سەرپۆشیان لەسەر دەکرد. کاڤرمان لەو بارەیەوە وتی "لەو کاتەدا کەسانێک هەبوون، کە خۆیان بە ئیماندار دەزانی. بەڵام لەلایەن ئەو کەسانەوە کە خۆیان بە ئیماندار دەزانى، زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژن ئەنجامدرا. ئێمە لەو کاتدا بۆ مافى سەرپۆش تێدەکۆشاین، بەڵام ئاکەپە ئەو غەدرەى بۆ خۆى بەکارهێنا و بە دەنگى غەدر لێکراوەکان بووە دەسەڵات. هەروەها دەنگى مرۆڤە ئیماندارەکانیشى بەدەستهێنا. بەڕاستى ئاکەپە بەهۆى بەکارهێنانى بابەتی غەدرلێکراوەکان و زوڵملێکراوەکانەوە گەیشتە دەسەڵات".

کاڤرمان باسی ئەوەشیکرد، وەک دەبینرێت مافی سەرپۆش لە دەستووردا زامن نەکراوە و لەوبارەیەوە وتی "دەسەڵات هەموو کات سیاسەت لەسەر بابەتى سەرپۆش دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو مافەى لە دەستووردا نەچەسپاندووە و هیچ گەرەنتییەکى بۆ دروست نەکردووە. ئەگەر یەکێکى تر بێتە سەر دەسەڵات، ئەوا دەتوانێت هەر وەک پێشتر سەرپۆش قەدەغە بکات. سەربارى ئەوەى هەدەپە پرۆژە یاسایەکى پێشنیازکرد بۆ ئەوەى مافی سەرپۆش گەرەنتى بکرێت، بەڵام رێگایان نەدا مافی سەرپۆش ببێتە یاسا. ئەو مرۆڤانەى کە هەستى ئایینییان تاڵان دەکرێت و کەسانێک بۆ بەرژەوەندیى خۆیان بە خراپە بەکاری دەهێنن، ئیتر ناتوانێت لەبەرامبەر ئەو تاڵانکارییە بێدەنگ بێت. ئیتر کەسیش گوێ لە قسەی تاڵانکارەکان ناگرێت، چونکە خەڵک سەیرى کردار دەکات. جا ئێستا سەیر دەکەین بزانین ئەوان بەڵێنەکانیان جێبەجێ کردووە یان نا".

کاڤرمان وتیشی "ئەو گەلەى کە هەستە ئایینییەکانى دادەدۆشرێت و تاڵان دەکرێت، ئیتر دەنگى خۆی بە ئاکەپە نادات، چونکە ئاکەپە جگە لە سەرقاڵکردن و کات بەسەر بردن هیچی بۆ گەل نەکردووە".

کاڤرمان ئەوەشی وت "ئاکەپە ئەو حیزبەیە، کە بە تاڵانکردنى هەست و سۆزى ئایینیى گەل گەیشتە دەسەڵات. ئەو مرۆڤانەى هەستی ئایینییان تاڵانکراوە. ئەو هەستە تاڵانکراوەش ئاکەپە بۆخۆی بەکاریهێنا و لەو رێگەیەوە گەیشتە دەسەڵات، بەڵام ئاکەپە هەر بە دەنگى ئەو مرۆڤانە لە دەسەڵات دەهێنرێتە خوارەوە".

ر.م