بولدان: ئۆپەراسیۆنی دژی کەجەدە دوژمنایەتیکردنی کورد و دیمۆکراسیە

پەروین بولدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە ئۆپڕاسیۆنی دژی کەجەدەی ئیدانە کرد و رایگەیاند، ئۆپڕاسیۆنی دژی کەجەدە دوژمنایەتیکردنی گەلی کورد و دیمۆکراسیە وتی:"بەم ئۆپڕاسیۆنە دەیانەوێت رێکخستنی دیمۆکراتیکی کورد لەناو بەرن."

پەروین بولدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە کوبونەوەی فراکسیونی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە دوایین گۆڕانکاریەکان کرد. بولدان سەرەتا تیشکی خستە سەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەیان، کە تووشی ڤایرۆسی کۆرنا بوون و رایگەیاند باری تەندروستیان باشە و وتی:"لە جزیر رێژەیی تووشبوان زیادی کردووە. ئەم بارودۆخە دەمانخاتە گومانەوە. دەبێت رێوشوێنەکان پشتگوێ نەخرێن. هاوکات لە شارەکانی دیکەش ئەم ڤایرۆسە لە پەرەسەندندایە."

بولدان لە قسەکانیدا، تیشکی خستە سەر ساڵیادی کۆچی دوایی سیاسەتمەدار ئۆرهان دۆغان کە لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٧ کە لە ئەنجامی نۆرەی دڵ کۆچی دوایی کرد و وتی:"دۆغان هەموو ژیانی خۆی بۆ ئازادی، دیمۆکراسی و ئاشتی تەرخان کرد. لە سەختترین قۆناغدا بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەموو تێکۆشانێکی کرد. دۆغان هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە."
بولدان هەروەها تیشکی خستە سەر هێرشەکانی سەر هەدەپە و رایگەیاند، هۆکاری ئەم هێرشانە ئەوەیە کە دەسەڵات لە هەدەپە دەترسێت و بەم شێوەیە دوا:"هەموو شتێک هەڵدەوەشێننەوە. دیمۆکراسی و یەکسانی هەڵدەوەشێننەوە. کۆتاییان بە ئاشتی هێنا. کۆمەڵگایان هێنایە بەرامبەر یەکدی. رق و کینەیان زیاد کرد. سیستمی سەرۆکایەتی، قەیوم، کودەتا، نا دادی، دەستگیرکردن، ئەشکەنجە، فەقیری و بێکاریان پەرە پێدا. ترسیان هەیە لە یەکێتی گەلی کورد و گەلای سوریا. دەسەڵات لە شکست و تێکچوون دەترسێت."

'نایانەوێت کورد خۆی بەرێخستن بکات'

بولدان ئاماژەی بەوەش کرد کە، نایانەوێت گەلی کورد خۆی بەرێکخستن بکات و وتی:"نایانەوێت کورد بە دەوری یەکدیدا کۆببنەوە. نایانەوێت خۆیان چارەسەری کێشەکانیان بکەن. هەڵیان کوتایە سەر باڵەخانەی کەجەدە و دەرگاکانیان داخست. بە هۆی ئەوەی هەدەپە لە ئەدرنە و جۆرەمێرگەوە رێپێوانی ئەنقەرەیان دەستپێکرد، دەیانەوێت دیمۆکراسی تێک بچێت. کەجەدە پلاتفۆرمی دیمۆکراسی و رەوای کۆمەڵگای دیمۆکراتیکە. کۆنگرەی گەلانە. کۆنگرە، خودی گەلە. ئەو رێکخستنە کە دەرگاکانیان شکاند، بۆ ئاشتی و چارەسەری کێشەکانی ئەم وڵاتە تێدەکۆشێت. ئۆپڕاسیونی دژی کەجەدە، دوژمنایەتیکردنی دیمۆکراسی و گەلی کوردە. ئێوە بەم ئۆپڕاسیۆنانە ناتوانن رێگای تێکۆشانی دیمۆکراسی و رێکرخستنی ژنان بگرن. ئەم ئۆپڕاسیۆنانە، رێکرخستنبوونی ئێمە و گەلەکەمان بەهێزتر دەکات. ئێمە واز لە تێکۆشانی دیمۆکراسی بەرنادەین."
 

'دەسەڵاتی ئاکەپە و ئەنقەرە، بەرپرسیاری ئەشکەنجەکانی ئامەدن'

پەروین بولدان لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەشکەنجەدانی رۆژبین چەتین چالاکانی بزوتەوەی ژنانی ئازاد لە لایەن پۆلیسەوە و وتی:"هەڵیان کوتایە سەر ماڵی رۆژبین چەتین چالاکی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد. لە ماڵەکەی خۆیدا ئەشکەنجەیاندا. بەرپرسیاری ئەو ئەشکەنجەیە دەسەڵاتی ئاکەپە و ئەنقەرەن. دەسەڵات کە هەموو رەوایەتیەکی بەخشیوە بۆ دژایەتیکردن، لە ئەنجامدا ئەشکەنجە زیادی کرد. بەو ئەشکەنجانەی لە ئامەد بەڕێوە دەچن، دوژمنایەتیکردنی گەلی کورد و رێکخستنبوونی ژنان و لایەنە ئۆپۆزسیونەکان، بە سیستماتیک دەکەن. لە جیاتی ئەوەی داواکاری گشتی و دادوەرەکان، لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانباراندا بکەن، دەیانپارێزن."

'دوژمنایەتیکردنی ژنانیان بەرفراوانتر کرد'  

بولدان تیشکی خستە سەر دوژمنایەتی ئاکەپە لە دژی ژنان و وتی:" دەسەڵاتی ئاکەپە بەم شێوەیە جارێکی دیکە دوژمنایەتی خۆی لە بەرامبەر ژنان ئاشکرا کرد. لە هەموو شوێنێک لە دژی ژنان تاوان ئەنجام دەدرێت. چەند رۆژ پێش ئێستا لە کۆبانێ لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا ٣ ژنی سیاسەتمەداری کورد کومەڵکوژ کران. ئەو هۆشمەندیەی لە پاریس و سلۆپی ژنیان کوشت و ئەوانەی لە کۆبانێ بە هەمان شێوە ژنیان کۆمەڵکوژ کرد، هەمان زیهنیەتە. هۆشمەندی ئەو کەسانە لەگەڵ ئەوانەی لە ئامەد ئەشکەنجەیان ئەنجامدا، هەمان هۆشمەندیە. گولتان کشاناک لە ١٢ی ئەیلول لە ئامەد لە دژی ئەشکەنجە خۆڕاگری کرد. هۆشمەندی ئەو سەردەمەی ١٢ی ئەیلول نوێنەرایەتی ئەمڕۆ دەکات. ئێوە بەم ئەشکەنجانە ناتوانن ژنان بترسێنن. ئێوە ناتوانن لە تێکۆشان دووریان بخەنەوە."

'ئۆپڕاسیۆنەکان لە دژی یەکڕیزین'

بولدان تیشکی خستە سەر یەکێتی گەلی کورد و بە شێوەیە بەردەوامی دا بە قسەکانی:" لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە کۆبانێ، لە هەموو شوێنێک، لە دەرەوەی سنووریش ئۆپڕاسیۆن ئەنجام دەدەن. بەم ئۆپڕاسیۆنانە نایانەوێت گەلی کورد یەکێتی دیمۆکراتیکی خۆی بونیاد بنێت. بەم ئۆپڕاسیۆنانە دەیانەوێت رێگری لە دروستبوونی پێگەی گەلی کورد بکەن. نایانەوێت کورد لە هیچ شوێنێک ببێت بە خاوەنی پێگەی خۆی. دەوڵەت و دەسەڵات ئەگەر لەگەڵ کورد رێک نەکەوێت و ئاشتی بەدی نەیەت، ئەوا تێک دەشکێن."

'گەلی کورد ئەو هۆشمەندیە باش دەناسێت'

دەسەڵاتێکی شەڕخواز کە رێگای چارەسەری و دیالۆگ قبوڵ ناکات و لەناویان دەبات، نە دەتوانێت کێشەی کورد، نە کێشەی سوریا چارەسەر بکات. لە کۆتاییدا بێگومان کێشەی کورد لەسەر مێزی گفتوگو چارەسەر دەبیت. ئەمە هیچ دەرچوونێکی نیە. ئەوانەی دوژمنایەتی کورد دەکەن و هاوکات دەڵێن، 'ئێمە و کورد وەکو نینوک و گۆشت واین' ئەمەیان بەبیر دێنینەوە. ئێوە لە مێژوودا گەورەترین ستەمتان لە گەلی کورد کردووە. رۆڵەکانی کوردتان خستە ناو بیری تێزابەوە، ئەوانتان لە سێدارەدا، بە ئەشکەنجەدان کوشتان. هێرشتان کردە سەر گۆڕستانەکانیان. ئێسک و پروسکی رۆڵەی دایکێکتان بە پۆست بۆی ناردەوە، ئێوە لە مرۆڤایەتی دەرچوون. دەستتان بەسەر شارەوانیە کوردیەکاندا گرت. گەلی کورد ئێوە و زیهنیەتتان باش دەناسێت. کورد نە نیکۆک و نە گۆشتە. کورد گەلێکە و ئەو گەلەش بە ناسنامە و کلتوری خۆی دەژیت."

ز.ش