جوشتان: لەبەر ئەوەى لە کۆمەڵکوژییەکەی پرسوس رزگاربووین دەسەڵات و دادگا گوشاریان لەسەر دروستکردوین

حەوا جوشتان شایەتحاڵى کۆمەڵکوژییەکەى پرسوس لە دواى ئازادبوونى لە زیندان وتى "دەسەڵات و داواکارى گشتى و دادگا گوشار لەسەرمان دروست دەکەین و دەیانەوێت بە قورسى باجى ئەوەمان لێبستێنن، کە لە کۆمەڵکوژیەکە بە زیندوویى دەرچووین".

حەوا جوشتان پەیامنێرى ئاژانسى هەواڵى ئەکین (ETHA) دواى ٩ مانگ زیندانیکردنى لە زیندانى ژنان لە باکرکۆیى ئیستەنبول رۆژی ١٧ى تەمووز لە زیندان ئازاد کرا. حەوا جوشتان، کە هاوکات قوربانییەکى کۆمەڵکوژییەکەى پرسوسە بە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)ی راگەیاند، بەشداریکردن لە مەراسیمى بەخاکسپاردنى ئەو هەڤاڵانەماندا کە لەلایەن داعشەوە کوژران، رووماڵکردنی مەراسیمى رێزلێنان بۆ حەسەن ئۆجاک کە دواتر دەستگیرکرا، لەلایەن دەسەڵات و دادگاوە وەک "تاوان" سەیر دەکرێت. ئەوەش دەرخەى ئەوەیە، کە دەسەڵات و دادگا و داواکاری گشتی بە چ عەقڵییەتێکەوە کار دەکەن و لە رووداوەکان نزیک دەبنەوە.

"ئەوەى دەکوژرێت ئێمەین، ئەوانەشى کە دەیانەوێت بێدەنگ بن هەر ئێمەین"

جوشتان لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى، مایەى شەرم و ئابڕووچوونە، کە بەشداریکردن لە مەراسیمى یادکردنەوەى کەسانى کوژراو و مەراسیمى بەخاکسپاردندا وەک "تاوان" لێکبدرێتەوە. جوشتان وتیشی "ئەوە بە ماناى هەوڵدان بۆ بێکاریگەرکردنى مرۆڤەکان دێت. کاتێک ئەو کەسانەى لە دژى کۆمەڵکوژییەکەن دەستگیر دەکرێن، ئەوە بەو مانایە دێت کە ئەوان کۆمەڵکوژییەکەی داعشیان قبوڵە".

حەوا جوشتان پەیامنێرى ئاژانسى هەواڵى ئەکین (ETHA) ئەوەشى وت، لە دۆسیەى کۆمەڵکوژییەکەى پرسوسدا تەنها یەک تۆمەتبار دادگایى دەکرێت، بەڵام هەموو کەسانەى لە کۆمەڵکوژییەکە رزگاریان بووە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، دادگایى دەکرێن و زیندانى دەکرێن. میدیا سێبەرەکانیان و میدیاکانى شەڕی تایبەتیان قوربانیانى کۆمەڵکوژییەکەى پرسوس و رزگاربووەکان دەکەنە ئامانج و بابەتیان لەسەر بڵاودەکەنەوە.

جوشتان باسى ئەوەشیکرد "دەسەڵات راستەوخۆ تۆڵەى ئەوەمان لێدەکاتەوە، کە لە کۆمەڵکوژییەکە رزگارمان بووە و زیندوین. ئەوانەى کە دەکوژرێن ئێمەین و ئەوانەی کە بێدەنگ دەکرێن هەر ئێمەین".

باجەکەى هەر چییەک بێت ئێمە هەر داکۆکى لە ئاشتى دەکەین

جوشتان ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ ئەوەى لە کۆبانێ ببونایە بە پردی ئاشتى و پشتیوانى لە ئاشتى بکەن، دەیانخواست بڕۆن بۆ کۆبانێ، بەڵام لە پرسوس بە کوشتنى دەیان گەنج ئاشتییان کوشت.

حەوا جوشتانی پەیامنێر لە کاتى کۆمەڵکوژییەکەدا وێنە و دیمەنى دەگرت وتى، لە کاتى کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکە کە دووریش بوو لە باخچەى ئامارا، پۆلیس بە بۆمبى گازی هێرشى کردە سەر باخچەی نەخۆشخانەکە، کە پڕ بوو لە بریندار.

جوشتان لەبارەى ئازارەکانى دواى کۆمەڵکوژییەکەوە وتى "مرۆڤ لە زرگاربوون و زیندبوونى خۆى پەشیمان دەبێتەوە، چونکە ئازاری کوشتنى ئەو هەموو مرۆڤە بە بەرچاوتەوە کۆتایى پێنایەت".

جوشتان بە بۆنەى ساڵیادى کۆمەڵکوژییەکەى پرسوسەوە داوایکرد، چى دەبێت با ببێت، نەک تەنها بۆ پرسوس، بەڵکو هەموو ئەو کەسانەى کە دادپەروەرییان دەوێت دەبێت داکۆکى لە ئاشتى بکەن.

ر.م