'جێگەی زیندانییە نەخۆشەکان زیندان نییە'

زەلال دەمیرئای ئەندامی کۆمسیۆنی زیندانەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهادە – IHD) ڕایگەیاند، زیندانییان وەک کارتێکی سیاسی بەکاردەهێنرێن.

زەلال دەمیرئای ئەندامی کۆمسیۆنی زیندانەکانی ئیهادە ئاماژەی بەوەدا، زیندانییە نەخۆشەکان تەنها لە کاتی سەردانکردنیان، یان کاتی مردنیان دەبن بە ڕۆژەڤ و وتی، "دیارە دەوڵەت بڕوای بەوە نییە کە زیندانیی نەخۆش هەیە. بەو هۆیەوە سەردانەکانمان ڕەتدەکەنەوە. دوای ڕەتکردنەوەکانیش زانیاری لە سەر مردنی زیندانییان بڵاودەبێتەوە. بەڵام دەوڵەت خۆی بە بەرپرسیار نابینێت."

دەمیرئای ئاماژەی بە موحسین کزلکان دا کە لە زیندانی عوسمانیە دا گیانی لەدەستدا و ڕایگەیاند، ئەوان زۆر جار هەوڵیاندا سەردانی کزلکان بکەن، بەڵام ڕێگە نەدرا و بێ ئەنجام بوو.

دەمیرئای ئەوەشی خستەڕوو، بە پێی مادەی ١٦ی یاسای زیندان ئەگەر زیندانییەک بە هۆی نەخۆشییەوە نەتوانێت بە تەنها لە زینداندا بمێنێتەوە، پێویستە سزاکەی دوابخرێت و وتی، "نابێت لەو بارەیەوە بە تەنها لایەنەک بڕیار بدات. نابێت پزیشکی دادوەری یەکلایەنە بڕیار بدات. هەموو جارێک باسی ئەو بابەتە کراوە."

دەمیرئای ڕاشیگەیاند، دەوڵەت لە بەرامبەر زیندانییە نەخۆشەکان بێباکە. دیارە دەوڵەت باوەڕ بەوە ناکات، زیندانیی نەخۆش هەیە. بۆیە سەردانەکانمان ڕەت دەکرێنەوە. دوای ئەوەی سەردانەکانمان ڕەتدەکرێنەوە و زیندانییان گیانیان لەدەست دەدەن، دەوڵەت خۆی بە بەرپرسیار نابینێت. دۆخی زیندانییان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت. پێویست بە زوترین کات کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت.

هەروەها وتیشی، "لە زیندانی عوسمانیە دۆخی سەبری کایا، کە نەخۆشی دڵی هەیە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت. چەند هەفتە لەمەوبەر نامەیەکی بۆ ناردین و باسی لە تێکچوونی تەندروستیی خۆی کرد. بێجگە لەو ٢١ نەخۆشی دیکە هەن. لەناویاندا هەندێکیان لە ئەنجامی مانگرتن لە خواردن نەخۆش کەوتوون. تەندروستییان تا ئێستاش باش نەبووە. لە ناو بارودۆخێکی قورسدا دەژین."

لە کۆتایی قسەکانیدا دەمیرئای ئاماژەی بەوەدا، زیندانییە نەخۆشەکان لە تورکیا وەک کارتێکی سیاسی بەکاردەهێنرێن و بەو هۆیەوە سەردانیان بۆ ناو زیندانەکان ڕەتدەکرێتەوە. ئەمەش لە ڕووی مافی مرۆڤەوە پەسەند ناکرێت.

ف.ق