حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا: دەبێت رۆژئاوا بخرێتە ژێر چەتری پاراستنى نێودەوڵەتییەوە

حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا (PCF) سەرنجی خستە سەر هەڕەشەکانى تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بۆ داگیرکردنى رۆژئاواى کوردستان و رایگەیاند، دەبێت رۆژئاوا بخرێتە ژێر چەترى پاراستنى نێودەوڵەتییەوە.

حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا راگەیاندراوێکى لەبارەى هەڕەشەکانى تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەو هێرشە، کە لە دواى هێرشەکەى سەر عەفرین ئامادەکاریى بۆ دەکرێت لە دژی ئەزموونی پێشکەوتوانە، ئاشتی و دیموکراسییانەی کوردە، کە لەسەر زەویدا بوونەتە هێزێکى بنەڕەتى و سەرەکی لە دژی دەوڵەتى ئیسلامیى (داعش)".

بڕیارەکە بەبێ ئەمریکا و رووسیا نەدراوە

حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا راشیگەیاندووە "ئەستەمە بڕیارێکى لەو شێوەیە (بڕیارى داگیرکردنى رۆژئاوا لەلایەن تورکیاوە) بەبێ دانوستان لەگەڵ رووسیا و فەرماندە سەربازییەکانى ئەمریکادا درابێت".

پێویستە رۆژئاوا لە ژێر چەتری نێودەوڵەتیدا پارێزگاریى لێ بکرێت

لە بەشێکى تری راگەیاندراوەکەى حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسادا ئەوەش هاتوە "فەرەنسا، یەکێتیى ئەوروپا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەى بەر بە تاوانی نوێى شەڕ بگرن، دەبێت بەخێرایی دەست بە جموجوڵ بکەن. حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا پشتوانى لە کوردەکانى سوریا دەکات و راگەیاندنى رژێمى دیکتاتۆریی تورک بۆ شەڕێکى نوێ ئیدانە دەکات".

حیزبی کۆمۆنیستى فەرەنسا داواى لە حکومەتى وڵاتەکەى کرد، بۆ ئەوەى رۆژئاوا لە ئاستى نێودەوڵەتیدا پارێزگاریى لێ بکرێت و کۆتایى بە سیاسەتە نایاسایى و تەریککارانەکانى تورکیا بهێنرێت، پێویستە کێشەکە بخاتە رۆژەڤی ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

ر.م