رژێمى ئاکەپە – مەهەپە بارى نائاسایى لە تورکیا دەکەنە سیستم و یاسا

رژێمى ئاکەپە – مەهەپە، کە دروستکەری بارى نائاسایى بوون لە تورکیا، رایانگەیاندووە، بارى نائاسایى هەڵدەگرن، بەڵام بەپێى پرۆژە یاسایەک بارى نائاسایى دەکەنە سیستماتیک و سیستمى نوێى بەڕێوەبردنى تورکیا.

بڕیارە دروستکەرانى بارى نائاسایى سبەى بارى نائاسایى لە تورکیا هەڵبگرن، بەڵام بەپێى پرۆژە یاسایەک کە ئامادەیان کردووە، بارى نائاسایى بکەنە سیستماتیک و سیستمى نوێى بەڕێوەبردنى تورکیا. بەپێى ئەو پرۆژە یاسایە داواى ئازادکردنی زیندانیان گۆڕانکاریى بەسەردا دێت.

چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیەدا پرۆژە یاساى پێشنیازکراوى ئاکەپە – مەهەپە رەوانەى دەستەى گشتیى پەرلەمانى تورکیا بکرێت. لەو پرۆژە یاسایەدا گۆڕانکارى بەسەر یاساى ئازادکردن و لێخۆشبوونى زیندانیاندا هاتووە و لە پرۆژە یاساکەدا بەپێى سزاکانى دادگا ماوەى راگرتنى زیندانیان دیاریکراوە، بەبێ ئەوەى دادگا بڕیارى لێدابێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە)، کە لە رۆژی ٤ى تشرینى دووەمی ٢٠١٦ / ١٤ى خەزەڵوەرەوە بە بارمتە گیراوە و رەوانەى زیندانى جۆری ئێفى ئەدیرنە کراوە، لەبەر ئەوەى ماوەى راگرتنەکەى لە زینداندا و داواى ئازادکردنەکەى ٣٠ رۆژى بەسەردا تێپەڕیبوو و دادگا نەیتوانیبوو بڕیارى لەبارەوە بدات، دەمیرتاش سکاڵاى تۆمارکرد و سکاڵاکەى بردووە، چونکە بەپێى یاسا دەبوایە داواى ئازادکردنەکەى پێش ٣٠ رۆژ لەلایەن دادگاوە وەڵامى بدرایەتەوە.

لە ٣٠ رۆژەوە بۆ ٩٠ رۆژە

هەروەها ئەو کەسانەى بە تۆمەتى یاساى دەژ تیرۆر و ئەندامی رێکخستن دەستگیر دەکرێن، ماوەى راگرتنەکەیان درێژکراوەتەوە بۆ ١٢ رۆژ. ناڕەزایەتى لەبارەى دەستگیرکردن و داواى ئازادکردنەوە، بووە هۆى ئەوە هەندێک گۆڕانکاریى نوێى تیادا بکرێت.

بەپێى گۆڕانکارییەکان لەو یاسایانەدا، بەلانیکەمەوە نابێت تاوەکو ٣٠ رۆژ داواى ئازادکردنى کەسى دەستگیرکراو بکرێت. دواى ئەوەى لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەى کەسى دەستگیرکراو کرا، ئەو کاتە دەبێت بڕیارێکى لەبارەوە بدرێت.  هەروەها لێبوردن بۆ کەسى دەستگیرکراو نابێت پێش ٣٠ رۆژ لە دەستگیرکردنەکەى لەسەر دۆسیەکەى دەربکرێت. هاوکات کەسى دەستگیرکراو تاوەکو ٩٠ رۆژە لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت و ماوەى راگرتنەکەى ٩٠ رۆژ درێژ دەکرێتەوە و دەبێت بڕیارەکان بەپێى ئەو بڕیارە بێت، لەبارەى دۆسیەکە و کەسە دەستگیرکراوەکەوە دەربکرێن.

پێشتر بەپێى یاساکانى تورکیا ماوەى راگرتن نەدەبوو لە ٢٤ کاتژمێر زیاتر تێپەڕێت و درێژکردنەوەى ماوەى راگرتنى کەسى دەستگیرکراو دەبوایە بەپێى بڕیارى دادگا بوایە. ئەگەر دادگاش بەڵگەى لەبەردەستدا نەبوایە بۆ راگرتنى کەسە دەستگیرکراوەکە، پارێزەرەکانى داواى ئازادکردنیان دەکرد و بە کەفالەت ئازاد دەکرا، بەڵام بەپێى یاسا و سیستمى نوێى تورکیا گۆڕانکارى لە کۆى ئەو یاسایانەدا کراوە و گۆڕانکارییەکانیش لەپێناوە بە هەمیشەیکردنى باری نائاسایى و بە سیستماتیک کردنى بارى نائاسایدایە، کە سیستمى نوێى تورکیا بەهۆى دەسەڵاتى رەهاى رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە دەیەوێت بارى نائاسایى بە یاساکراو و بە سیستماتیک کراو بەسەر هەموو تورکیادا بسەپێنێت. ئاکەپە لەو رێگەیەوە دەیەوێت بە پشتیوانیى مەهەپە تورکیا بکاتە زیندانێکى گەورە بۆ هەموو ئەو کەسانەى، کە رەخنەیەکى بچووکیش لەو دەسەڵات و ئاکەپە و ئەردۆغان دەگرن.

ر.م