لە ئەوروپا لە دژی تەریکخستنى کۆچبەران هەڵوێست نیشاندرا

 زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لە دژی گوشارەکانى سەر ئەو کەسانە بڵاوکردەوە، کە هاوکاریی کۆچبەران دەکەن و گوشارەکان بە توندی ئیدانە کران.

لە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراو کۆبونەوە و راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و سەرنجیان خستە سەر سزادان و لێپرسینەوەکانی ١١ وڵاتی ئەروپی، لەسەر ئەو کەسانە، کە هاوکاری کوچبەر دەکەن. لە لێدوانەکە باس لەوەشکرا ئیتاڵیا و بەلجیکاش لەناو ئەو وڵاتانەدان  و بەلانیکەمەوە ١٠٤ کەس، کە هاوکاریى کۆچبەرانیان کردووە کراونەتە ئامانج.

راگەیاندراوەکە بە ناوی پلاتفۆڕمی (ReSOM) بڵاوکراوەتەوە. پلاتفۆرمەکەش پێکهاتوە لە کەسانی لێکۆڵینەر، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەسەڵاتی خۆجێی) و رایانگەیاند، بەپێى راپۆرت و بە دواداچوونەکانیان لە ١١ وڵات دا ٤٩ دۆسیەی جیاواز بۆ  لێپرسینەوە ل ١٥٨ کەس، کە هاکاریى کۆچبەرانیان کردووە، بەرێوەدەچێت.

لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەکراوە، ئەو کەسانەی دەبنە یارمەتیدەری کۆچبەران بۆ ئەوەی بگەنە وڵاتانێک، کە خۆیان دەیانەوێت بە تۆمەتى "دروستکردنی تاوانى رێکخراو" تاوانبار دەکرێن. تاوانبارکردنى ئەو کەسانە لەسەر هاوکاریى مرۆیى، کە دەبێت ئەو کارە هەر دەوڵەتەکان بۆ خۆیان ئەنجامی بدەن، بە زمانێکی توند ڕەخنە کرا.

هەروەها باسی ئەوەشکراوە، لە زۆربەی دۆسیەکاندا، کە لە دژی ئەو کەسانە کراونەتەوە هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو تاوانەى رووبەرویان کراوەتەوە بوونی نییە و دەیانەوێت بەو جۆرە لێپرسینەوەیە هاوکاریکردنی کۆچبەران پەک بخەن و لە دژی کۆچبەران دۆخ و سروشتێکی دوژمنایەتی دروست بکرێت، بۆیە لێپرسینەوەی بەمجۆرە زیان بە دەوڵەت و ماف دەگەیەنێت.

هەروەها باس لەوەش کرا، ئەو دۆسیە و لێپرسینەوانەی لەبارەى کۆچبەرانەوە ئامادە دەکرێن تێگەشتنێکی نا تەندروست بەرامبەر بە کۆچبەران دروست دەکات، بۆ نمونە بە "مرۆڤی دڕندەی تاوانبار" دەیانناسێنن و ئەمەش لە ناو سنووری ئەوروپا ئەبێتە هۆکاری دروستبوونی گێرەشێوێنى و قەیران و کارەستا بە دواى خۆیدا دەهێنێت.

ڕیکخراوەکانی کومەڵگای مەدەنی وتیشیان، ڕێنمایی ناڕوونی ئەوروپا دەربارەی ئەم بابەتە دەبێتە هۆی رەخساندنى دەرفەت بۆ بازرگانانى مرۆڤ و هاوکاریکردنى قاچاچییانی مرۆڤ و دەبێت رێ لەوەش بگیرێت.

ر.م