لە تورکیا رۆژنامەکانى وڵات و ئۆزگیورلوکچو دیموکراسی داخران

رۆژنامەى ئۆزگیورلوکچو دیموکراسی و رۆژنامەى رۆژانەى کوردیى وڵات لەلایەن رژێمى ئاکەپە – مەهەپەوە داخران.

بە بڕیارى ژمارەى ٧٩١ى بڕیارى باری نائاسایى لە تورکیا، رژێمى ئاکەپە – مەهەپە رۆژنامەکانى ئۆزگیورلوکچو دیموکراسی و رۆژنامەى وڵات و هاڵکین نابزی-یان داخست.

رۆژنامەکانى ئۆزگیورلوکچو دیموکراسی، وڵات و هاڵکین نابزی پێشتر لەلایەن رژێمی ئاکەپە – مەهەپەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو. ئەمڕۆش بە دەرکردنى بڕیارێک لە چوارچێوەى بڕیارەکانى باری نائاسایى لە تورکیادا، ئەو ٣ رۆژنامەیەیان بە تەواوى داخست.

هەر بەپێى بڕیاری ٧٩١ی باری نائاسایى تورکیا چەندین کۆمەڵە و دەزگاى چاپەمەنیى تری هەرێمی داخران.

هەموو ماڵ و موڵک، ماف، بەڵگە و نووسراوەکانى کۆمەڵە، رۆژنامە و تەلەفزیۆنە داخراوەکان بە بێ قەرەبووکردنەوەى خاوەکانیان رەوانەى گەنجینە کران.

ئەو رۆژنامە، کۆمەڵە، رێکخراو و دەزگا داخراوانە ناتوانن بۆ دانەوەى قەرزەکانیشیان داواى هیچ یەک لە کەلوپەلەکانیان لە گەنجیە بکەن.

ر.م