میلەنشۆن: رژێمى تورکیا دیکتاتۆرە و پەکەکە هاوپەیمانمانە

ژان لۆک میلەنشۆن سەرۆکى گرنگترین بزووتنەوەى چەپی فەرەنسا "فەرەنسا سەر نانەوێنێت" (France Insoumise) پشتیوانیى لە هەدەپە کرد و رایگەیاند "رژێمى تورک رژێمێکى دیکتاتۆرە".

ژان لۆک میلەنشۆن پاڵێوراوى پشوو بۆ پۆستى سەرۆکایەتیى کۆماری فەرەنسا لە کۆمسیۆنى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانی (پەرلەمانى فەرەنسا) وتەیەکى پێشکەشکرد و باسی لە یەکەمین ساڵیادی هێرشی داگیرکەریى دەوڵەتى تورک لە دژی عەفرین کرد و رایگەیاند، بۆ ئەوەى پشتیوانى لە کوردان بکەن ٢ پەرلەمانتاری "فەرەنسا سەر نانەوێنێت" (France Insoumise) لە رۆژی دووشەممەوە سەردانى رۆژئاوایان کردووە.

میلەنشۆن راشیگەیاند "بە بۆنەى یەکەمین ساڵیادى کارەساتى سەر عەفرین ئەو سەردانە بۆ رۆژئاوا رێکخراوە".

رژێمى تورک رژێمێکى دیکتاتۆرییە

ئەو سەرکردە چەپە دواتر سەرنجی خستە سەر دۆخی تورکیا و وتى "دەمەوێت ئەوە بە هاوپیشەکانى خۆم بڵێم، ئەگەر ئێوە لە کۆریاى باکووریش بونایە، هەموو شتێک بە رێکوپێک بەڕێوەدەچوو. کاتێک مرۆڤ باسی شتێکى کرد پێویستە مرۆڤ ناوەکەشی بڵێت، رژێمى تورک رژێمێکى دیکتاتۆرە".

میلەنشۆن لە بەردەوامیى قسەکاندا رایگەیاند، هەدەپە تەنها بە پەکەکە پێناسە ناکرێت و چەندین رەوتى جیاوازى لە ناودایە، بەڵام بۆ ئەوەى کارى خراپ بەرامبەر بە کورد ئەنجام بدەن پەکەکە بە رێکخستنێکى "تیرۆر" پێناسە دەکەن.

پەکەکە هاوپەیمانمانە

میلەنشۆن ئەوەشى راگەیاند "دەوڵەتى تورک جگە لە زوڵم هیچ سیاسەتێکى تری بەرامبەر بە کورد نییە. جێگاى دڵخۆشییە کە (کورد) دەتوانێت خۆی بپارێزێت. دەیان ساڵیشە خۆی دەپارێزێت".

میلەنشۆن وتیشی "پەکەکە هاوپەیمانمانە، چونکە چەکەکانى دەستى لە دژی داعش بەکار دەهێنیت. رێکخستنێکى تیرۆریستى نییە و ئەوان شەڕڤانی ئازادین".

ر.م