هاوسەرۆکی کەنەکە: دەبێت سوید داواى لێبوردن لە کورد بکات

دوای ئەوەى بەڕێوەبەری پۆلیسی سوید رایگەیاند، کورد هیچ پەیوەندییەکى بە کوشتنی ئۆلۆف پاڵمە-ەوە نییە، ئەحمەد قەرەموش هاوسەرۆکی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) داواى لە سوید کرد، داواى لێبوردن لە کورد بکات و ئیدی نابێت پەکەکە تاوانبار بکرێت.

دواى ئەوەى هانس میلاندەر بەرێوەبەری پۆلیسی سوید رایگەیاند، کوشتنی ئۆلۆف پاڵمە هیچ پەیوەندییەکى بە پەکەکە و کوردەوە نییە، کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نامەیەکی بۆ حکومەتى سوید نووسی و رایگەیاند، دەبێت داواى لێبوردن لە پەکەکە و کورد بکرێت.

ئەحمەد قەرەموش هاوسەرۆکی کەنەکە لە چوارچێوەیەدا نامەیەکى بۆ ستیفان لۆڤین سەرۆک وەزیرانی سوید و میکائیل دامبێرگ وەزیری ناوخۆی سوید نووسیوە.

بە ئەنقەست هەوڵیاندا بیخەنە ئەستۆی کورد

قەرەموش ماوەیەکى دوور و درێژ لە فیدراسیۆنی کوردان لە سوید و کۆمەڵە کوردییەکاندا کاری بەڕێوەبەریی کردووە و ساڵی پاریش بۆ هاوسەرۆکی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) هەڵبژێردرا.

قەرەموش رایگەیاند، کاتێک ئۆلۆف پاڵمە کوژرا ئەو لە ناو فیدراسیۆنی کوردان لە سوید بەڕێوەبەر بووە، بۆیە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو رووداوەى کردووە و بە بەرفراوانیش شیکاریی بۆ دۆخەکە کرد و رایگەیاند، بۆ روونکردنەوەى کوشتنی ئۆلۆف پاڵمە لە ماوەى ٣٤ ساڵدا دەیان پۆلیس و دادوەر ئەرکردار کران و گۆڕدران، بەڵام هانس هۆلمەر بەڕێوەبەری ئاسایشی ستۆکهۆلم بە شێوەیەکى تایبەت و بە ئەنقەست هەوڵی دەدا ئەو کوشتنە بخاتە ئەستۆی پەکەکە و کورد. هانس هۆلمەر دەیخواست ٥٨ کورد دەستگیر بکات و بیانخاتە ژێر لێپرسینەوە، بەڵام داواکاری گشتیی ئەو کاتە لە دژی وەستایەوە، بۆیە هەر چۆنێک بوو لە ئەنجامی ئەو هەوڵەیدا ٢٠ کوردی دەستگیرکرد و کاتێک لەو لێکۆڵینەوەکاندا لەوە تێگەیشتن ئەوانە بێ تاوانن هەموویان ئازاد کردن.

'پشتبەستوو بە ئالودەبوویەکى کحول پەکەکەیان تاوانبار کرد!'

قەرەموش رایگەیاند، سەرباری ئەوەش هۆلمەر پەکەکە و کوردی تاوانبار کرد و رایگەیاند، سەرچاوەى تاوانبارکردنی پەکەکە بۆ ئالودەبوویەکى کحولی فینلاندی دەگەڕێتەوە، کە دەستگیرکراوە. ئەو کەسە بانگەشەى ئەوەى کردبوو، کە پێش کوشتنی پاڵمە کەسێکى یوگۆسلاڤی و کەسێکى کورد بۆ کوشتنی پاڵمە داواى چەکیان لێکردووە. ئەویش ٢ چەکی  (سمیس و وسون - Smith&Wesson) پێداون، هۆلمەریش هەوڵی دەدا لەو رێگەیەوە پەیوەندیی کورد بە کوشتنەوە دروست بکات.

قەرەموش رایگەیاند، لەو نێوانەدا کەسێک لە ئەڵمانیا بە ناوی پیتەر بە تەلەفون لەگەڵ پۆلیسی دانیمارک قسەی کردبوو و بانگەشەى ئەوەیکردبوو، کوردێکە لە پەکەکە دابڕاوە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و دەزانێت کێ پاڵمەی کوشتوە و هۆلمەریش دواى ئەوە رۆیشت بۆ دانیمارک و لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی دانیمارک چاوپێکەوتنى ئەنجامدا. ئەو زانیارییانە بوونە رۆژەڤی کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەى سیاسیی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی پاڵمە. بەڵام ئەوەى کە روونە، ئەوەیە ئەو زانیارییانە هیچ بنەمایەکیان نییە. کۆمسیۆنەکە ئەوەى بۆ روون بوویەوە، کە هۆلمەر بە ئەنقەست کورد و پەکەکەى کردووەتە ئامانج. بۆیە کاتێک ئەوە ساختەکارییانە لە هۆلمەر دەرکەوت، هۆلمەر ناچار بوو دەست لەکاربکێشێتەوە.

'هێزەکانى پشت رووداوەکان شاردرانەوە'

قەرەموش رایگەیاند، بەو تاوانبارکردنە بێ بنەما و بێ بەڵگەیەی لەلایەن ئالودەبوویەکى کحولەوە خرایەڕوو، پۆلیسی سوید کورد و پەکەکەى بە کوشتنی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان تاوانبارکرد، ئەوە بۆ کورد بووە تراژیدیا و زیانێکى زۆر و وتی "ئەوە روون بوویەوە، کە دەزگای پۆلیس و هەواڵگریی ئەووڵاتە بەبێ بەڵگە هەوڵیانداوە کورد بە بکوژی پاڵمە تاوانبار بکەن. ئێمە هێشتا لەوە تێنگەیشتووین، کە هانس هۆلمەر بۆ هەوڵیدا پەکەکە و کورد وەک بکوژ بناسێنێت. لێکدانەوەى ئێمە ئەوەیە ئەو کارەى بۆ شاردنەوەى هێزەکانى پشت کوشتنی ئۆلوف پاڵمە کردووە و بۆ ئەوەش کوردی کردە ئامانج و چەواشەکاریی کرد".

هاوسەرۆکی کەنەکە رایگەیاند، هەندێک سیخوڕ، کە لەگەڵ تورکیادا هاوکارییان دەکرد هەوڵیاندا رووداوەکە بخەنە ئەستۆی پەکەکە و وتی "حکومەتى سوید، هێزە جیهانییەکان و تورکیا زۆر هەوڵیاندا رووداوى کوشتنی پاڵمە بخەنە ئەستۆی کورد و پەکەکە. لەو کاتەدا میدیای تورک هەموو رۆژێک کورد و بەڕێوەبەرانی پەکەکەى بە کوشتنی پاڵمە تاوانبار دەکرد".

'ئەوانەى پەکەکەیان تاوانبار کرد، دەبێت هەڵەکەى خۆیان قبوڵ بکەن'

قەرەموش باسی ئەوەشیکرد، هەندێک لە حیزب و رێکخراوە کوردییەکانیش پشتیوانیان لە تاوانبارکردنی پەکەکە کرد و هەر دواى کوشتنی پاڵمە هەندێک حیزب و رێکخراوی کوردی باکووری کوردستان کۆبوونەوە و راپۆرتێکیان ئامادە کرد.

قەرەموش ئەوەشی وت "لەو کاتەدا نزیکەى ١٠٠ کورد لە سوید نامەیەکیان نووسی و پەکەکەیان بە 'رێکخستنی تیرۆر' تاوانبار کرد. من حەز دەکەم بزانم ئەو راپۆرت و نامەیە بۆ چ ئامانجێک نووسرا. ئەوە زۆر گرنگە. ئەوانەى ناوی خۆیان و واژۆی خۆیان خستە ژێر ئەو راپۆرت و نامەیە دەبێت وەڵامی ویژدانی خۆیان بدەنەوە و بچنە بەردەم راى گشتی و بە شێوەیەکى ئاشکرا ئەوە قبوڵ بکەن، کە هەڵەیان کردووە. من هیچ چاوەڕوانییەکم لەوان نییە، بەڵام قبوڵکردنی هەڵەى خۆت، گەورەییە".

قەرەموش وتیشی "ئۆلۆلف پاڵمە دۆستێکى راستەقینەى و دروستی کورد بوو. لایەنگری گەلی کورد بوو. پشتیوانیی لە تێکۆشانی کورد بۆ بەدەستهێنانى مافەکانى دەکرد".

'کورد بەو تاوانبارکردنە باجی قورسی دا'

قەرەموش سەرنجی خسەسەر کاریگەریی خراپی ئەو تاوانبارکردنەى کورد و پەکەکە و وتی "دواى کوشتنی پاڵمە لە سوید بە چاوی تیرۆریست و تەریککراو سەیری کۆمەڵگەى کورد دەکرا. تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و پەکەکە بە تیرۆریستبوون تاوانبار دەکرا. تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردی بە نەبوو دەزانرا. کوردان باج و قوربانیی زۆر قورسیان دا. تاوانبارکردنی زۆر مەترسیداریان خستە ئەستۆیان.

پێش کوشتنی ئۆلۆف پاڵمە گەلی سوید زۆر کوردیان خۆشدەویست، بەڵام دواى کوژرانی پاڵمە و لە ناکاو بە تیرۆریستیان زانین. تەنانەت لە کۆبوونەوەى خوێندنگەکاندا ئێمە دەترساین بڵێین، کوردین. یانی کورد وەک مرۆڤێک کە کەس نایەوێت و کەس قبوڵی ناکات سەیر دەکرا. لەو کاتەدا من ئەندامی فیدراسیۆنی کوردان بووم. بۆ ماوەی ٤ ساڵ هیچ کۆمپانیا و هۆڵێک ئامادە نەبوو یەک شوێنێمان بۆ لێکۆڵینەوە و دانیشتن پێ بدەن. دەزگای خانووبەرە زۆر بە ناڕەحەتی و دژواری خانووی بە کورد دەدا. تەنانەت خانوشیان بە کرێ پێنەدەداین. بە ڕاستی گوشارێکی زۆر قورسیان لەسەر کورد دروستکردبوو. باج و قوربانیی زۆر گەورەمان دا".

"دەبێت ئیدی پەکەکە بە 'تیرۆر' تاوانبار نەکرێت"

قەرەموش ئاماژەى بەوەکرد، دواى ئەوەى حکومەتى سوید پەکەکەى بە گروپێکى "تیرۆریستی" راگەیاند وڵاتانی تری ئەوروپاش هەمان کاریان کرد و لەبارەیەوە وتی "کورد چەندین ساڵ زوڵمی لێکرا و زیانی پێگەیەندرا. ئێمە دەمانەوێت دەستبەجێ ئەو زوڵم و ناهەقییانە لاببرێن. سوید بکوژەکەى ئاشکرا کرد و دۆسیەکەى پاڵمەی داخست. ئەو دۆسیە بوو بە دۆسییەک کە بکوژی تیادا دادگای نەکرا".

قەرەموش ئاماژەى بەوەشکرد، بە ناوی کەنەکەوە نامەیەکیان بۆ ستیفان لۆڤین سەرۆک وەزیرانی سوید و وەزیری ناخۆی سوید ناردووە و وتی "دەبێت سوید داواى لێبوردن لە کورد بکات. هەروەها دەبێت داواى لێبوردنیش لە بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بکات. پێویستە حکومەتى سوید ئیدی ناوی 'گروپی تیرۆریستی' بۆ پەکەکە بەکار نەهێنێت و ناوی پەکەکە لەو لیستەدا دەربهێنت تاوەکو وڵاتانی تری ئەوروپیش ئەو کارە بکەن. ئەو داوایە داوا و خەن و حەزی هەموو گەلی کوردە".

ژ.ت

****

***