«١٩٢ ڕۆژنامه‌وان له‌ زیندانه‌كانی توركیادان»

ده‌ستپێشخه‌ریی ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد له‌ باكووری كوردستان ڕاپۆرتی مانگی ئایاری ده‌رباره‌ی پێشێلكارییه‌كانی دژ به‌ ڕۆژنامه‌وانانی بڵاوكرده‌وه‌. له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، به‌گشتی ١٩٢ ڕۆژنامه‌وان له‌ زینداندان.

ده‌ستپێشخه‌ریی ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد - OGÎ ئه‌مڕۆ ڕاپۆرتی مانگی ئایاری ٢٠١٨ی  ده‌رباره‌ی پێشێلكارییه‌كان له‌ به‌رانبه‌ر ڕۆژنامه‌وانان له‌ باكووری كوردستان و توركیا، بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، به‌گشتی ١٩٢ ڕۆژنامه‌وان له‌ زیندانه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیادان. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، له‌ مانگی ئایاردا ٦ ڕۆژنامه‌وان ده‌ستبه‌سه‌ركراون و ٤ ڕۆژنامه‌وانی دیكه‌ش زیندانی كراون.

«له‌ سرووشتی [مێدیای ئازاد]دا دیموكراتی و ئازادی هه‌یه‌. مه‌گه‌ر به‌هۆی هه‌بوونی ئه‌م سرووشته‌ی ڕووبه‌ڕووی هێرش ببێته‌وه‌. له‌م دواییانه‌دا هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌نگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن، هێرشێكی گه‌وره‌ له‌ دژی مێدیا ئه‌نجامدرا و هێشتاش وه‌ك هێرشه‌كانی ڕابردوو به‌رده‌وامه‌. له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هێرشانه‌دا ژماره‌ی ئه‌ندامانی ده‌ستپێشخه‌ریی ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد له‌ زیندانه‌كان گه‌یشته‌ ٧٠ كه‌س و به‌گشتی ژماره‌ی ڕۆژنامه‌وانه ‌زیندانییه‌كان بوو به‌ ١٩٢ كه‌س.»

ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌ستنیشانی كردووه‌ كه‌ هه‌ر له‌ مانگی ئایاردا دۆسیه‌ له‌ دژی ٣٧ ڕۆژنامه‌وان كراوه‌ته‌وه‌ و ٢٥ ڕۆژنامه‌وانی دیكه‌ش دادگه‌یی كراون.

هه‌ر له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتووه‌، ڕۆژنامه‌وانێك لێی دراوه‌ و بڕیاری لێپرسینه‌وه‌ش بۆ ڕۆژنامه‌وانێكی دیكه‌ ده‌ركراوه‌. به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتی ده‌ستپێشخه‌ریی ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد سزای ١٤ ساڵ، مانگێك و ٢٢ ڕۆژ بۆ ٣ ڕۆژنامه‌وان بڕاوه‌ته‌وه‌.

«به‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی ئابووری ده‌ستیان به‌سه‌ر دۆغان هۆلدینگ-دا گرت. به‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیش ده‌ستیان به‌سه‌ر وه‌شانخانه‌ی گیون و ڕۆژنامه‌ی ئۆزگورلوكچوو دیموكراتی-دا گرت. به‌ چه‌ندین لقی جۆراوجۆری ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌، هێرشیان كرده‌ سه‌ر خه‌باتكار و خه‌باتی مێدیای ئازاد.»

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا داواكراوه‌ كه‌ كۆتایی به‌ هه‌ر جۆره‌ هێرشێكی سه‌ر مێدیا بهێنرێت و ڕۆژنامه‌وانه‌ زیندانیكراوه‌كان به‌زووترین كات ئازاد بكرێن.

s.m