پرۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە بەردەوامە. ژمارەی دەنگدەران لە دەرەوەی وڵات زیاتر لە ٣ ملیۆن دەنگدەرن. سەرەتا لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا سندوقی دەنگدان دانران.
لە شارەکانی بەرلین، فرانکفۆرت، شتوتگارت، ئەسەن، دۆسڵدۆرف، میونشن، کارلسرو، هانۆڤەر، مونستەر، نورنبێرگ، هامبۆرگ، ماینز، لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە شارەکانی ڤیەننا، برینگێز و زالسبورگی وڵاتی نەمسا و شارەکانی پاریس، بۆردو، نانت، لیۆن، ستراسبۆرگ و مارسێلی وڵاتی فەرەنساش دەنگ دەدرێت.
پرۆسەی دەنگدان لە وڵاتی دانیمارکیش دوێنێ دەستیپێکرد و دەنگدەران دەتوانن لە باڵیۆزخانەى تورکیا لە شاری کۆپنهاگن لەم ناونیشاندا (Rosbæksvej 15, 2100 Kobenhavn Ø) دەنگ بدەن. دەنگدانیش لەو شوێنە هەموو رژێک لە ١٩ی حوزەیران لە کاتژمێر ٩ ی سەرلەبەیانی هەتا کاتژمێر ٩ ی شەو بەردەوام دەبێت.
هەر دوێنێ، لە وڵاتانی ئەمەریکا، ئوستورالیا و لۆکسەمبۆرگیش پرۆسەی دەنگدان دەستیپێکرد. دەنگدان لەو سێ وڵاتە هەتا ١٧ی حوزەیران، واتە بۆ ماوەى ٩ ڕۆژ بەردەوامیی دەبێت.
لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ٧ ی حوزەیران، پرۆسەی دەنگدان بە گەرمی بەردەوامیی هەیە و ڕێژەی سەردان و بەشداری دەنگدەرانیش زیادی کردووە. بە بەراوردیش بە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم لە ١٦ی نیسان و ١ی تشرینى دووەمی ٢٠١٥، ڕێژەی بەشداری دەنگدەران سێ قات زیادیکردووە.
ڕۆژانە ٣٠ هەزار کەس دەنگی خۆیان دەدەن
لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا و دەروازە سنوورییەکانی تورکیا، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی بە گشتی ٧٢ هەزار و ١١١ کەس دەنگی خۆیان داوە. ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانیش ٣٢ هەزار و ٢٢٤ کەس دەنگی خۆیان دابوو. ڕۆژی دووەمیش ٣٩ هەزار و ٨٨٧ کەس ڕۆشتبوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان دابوو. پێشبینیش دەکرێت کە ڕێژەی سەردانی دەنگدەران لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتەدا زیاتر بکات.
لە ئەڵمانیا ملیۆنێک و چوار هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمار کردووە. ڕۆژی یەکەمی هەڵبژاردن ٢٢ هەزار و ٢٨١ کەس و ڕۆژی دووەمیش ٢٧هەزار و ٩٣٣ کەس دەنگی خۆیان داوە.
لە فەرەنساش ٣٣٠ هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمارکردووە. لە ڕۆژی یەکەمی پرۆسەی دەنگداندا لە پێنج شاردا، پێنج هەزار و ١٠٦ کەس و لە ڕۆژی دووەمیشدا ٦ هەزار و ٤٠٦ کەس دەنگی خۆیان داوە.
لە نەمساش ١١٠ هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمارکردووە. ڕۆژی یەکەم هەزار و ٨٤١ کەس و ڕۆژی دووەمیش ٢ هەزار و ٢١٣ کەس دەنگی خۆیان داوە.
لە دەروازە سنووریبە ئاسمانیەکان (فڕۆکەخانەکان)، دەشتایی و دەریاییەکانی تورکیاش لە ماوەی دوو ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی پرۆسە هەڵبژاردنەکاندا ١٣ هەزار و ٩٦٦ کەس دەنگی خۆیان داوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە دوو ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بە ڕیفراندۆم لە ١٦ی نیساندا تەنها ٦ هەزار و ٣٣٠ کەس دەنگیان دابوو.
ر.م