چالاکییەکانى نەورۆز لە ئەوروپا و ژاپۆن

کوردستانیان لە زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپا و وڵاتى ژاپۆن رژانە سەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

 

لە شارەکانى بەرلین، ئاوریخ و مونشێنی ئەڵمانیا و لە شاری تۆکیۆی پایتەختى ژاپۆن نەورۆز بە شێوەى جەماوەری پیرۆز کرا.  

بەرلین

لە شاری بەرلینى پایتەخى ئەڵمانیا بە بەشداری ٢٠٠٠ هەزار کەس نەورۆز پیرۆز کرا. چالاکییەکە کرایە دیارییەک و پێشکەشی لەیلا گیوڤەن و هەموو چالاکوانانی مانگرتوو کرا.

حەسیب کاپڵان پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، هاکان تاش پەرلەمانتاری دی لینکە (حیزبی چەپی ئەڵمانیا)  و حوسێن تاشان سەرۆکی کۆمەڵگەى کورد لە براندیسنبورگ وتەیان پێشکەشکرد.

 پنار ئایدینلار، کۆما سلبوس و تاری، تیپی هەڵپەڕکێى فاراشین، تیپی منداڵانى رۆژ، ئیبراهیم کوردی، ساڵح هاژی، دلۆ دۆغان و تیپی مۆسیقا چوونە سەر تەختە و چەندین پارچە گۆرانی و سرود و هەڵپەڕکێیان پێشکەش کرد.

ئاوریخ

نەورۆز لە شاری ئاوریخی ئەڵمانیا پیرۆز کرا. دواى خولەکێک بێدەنگی بۆ بەرز راگرتنى یادی شەهیدان، فەیسەڵ بۆتان هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى گەل وتەیەکى پێشکەشکرد.

بۆتان سەرەنجی خستەسەر گرنگیى نەورۆز بۆ کورد و سڵاوی رەوانەى بەرخودێرانى چالاکییەکانى مانگرتن کرد.

لە پیرۆزباییەکەدا هۆزان خەمگین، بیرهات، بەنگی ئاگری و تیپی مۆسیقای رۆژئاوا چوونە سەر تەختە و چەندین گۆرانی و سرود و هەڵپەڕکێیان پێشکەشکرد.

مونشێن

مونشێنى ئەڵمانیا یەکێکى تر لە شارەکانى ئەو وڵاتە بوو، کە نەورۆزى تیادا پیرۆز کرا. هاووڵاتییان بەشێوەى جەماوەری نەورۆزیان لە مونشێن پێرۆز کرد.

 

تۆکیۆ

لە شاری تۆکیۆی پایتەختى ژاپۆن نەورۆز پیرۆز کرا. پیرۆزباییەکە لە پارکی ساتاما ئاکی گاسی لەلایەن کۆمەڵەى رۆشنبیریى کورد لە ژاپۆن رێکخرابوو.

لە شارەکانى چبا، کاواگوچی و وارابیی ژاپۆن ژمارەیەکى زۆر لە کوردستانیان و دۆستانى ژاپۆنى بەشدارییان لە پیرۆزباییەکەدا کرد.

لە چالاکییەکەدا بە زمانەکانى کوردی و ژاپۆنی پەیام خوێنرانەوە.

سیاسەتمەداری کورد ساڵح موسلیم پەیامێکى ڤیدیۆیى بۆ پیرۆزباییەکە ناردبوو و لە ئاهەنگەدا پەیامەکەى پێشکەشی ئامادەبوان کرا.

ر.م