چەتەیەکی هۆڵەندی ناوداعش: هێرش دژی کورد کۆتایی بە داعش هێنا

چەتەیەکی داعشی هۆڵەندی بەناوی ئالیخاندرا ڕیەدیژک لای قەسەدە دەستەبەسەرە. ڕیەدیژک وتی: "من ئێستاش تێنەگەیشتم بۆچی داعش لەدژی کورد شەڕی کرد، هیچ سوودێکی نەبوو.هێرشی دژی کورد کۆتایی بە ئێمە هێنا".

یەکێک لەو چەتانەی داعش کە لە باغۆز لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)ەوە دەستگیر کرا، ئالیخاندرا ڕیەدیژک-ی هۆڵەندییە کە هاوسەری شامیما بەگومە کە بریتانیا ناسنامەکەی لێ سەندەوە. ڕیەدیژک دانی بە چەندین کۆمەڵکوژییەک دانا.

لە گرتووخانەیەکی پاراستنی بەهێزی هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ڕیەدیژک-ی تەمەن ٢٧ ساڵ قسەمان کرد. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ چووەتە سوریا و بەشداری داعشی کردووە. ڕیەدیژک نایەوێت ناوی ناو داعشی بڵێت، لە ٢١کانونی دووەمی ٢٠١٩/ ١ی ڕێبەندان لەگەڵ هاوسەرەکەی شامیما بەگوم لە لایەن هێزەکانی قەسەدەوە دەستگیر کران.

لە هۆڵەندا بە ٨ ساڵ زیندانیکردن سزا درا

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵگریی هۆڵەندا، ڕیەدیژک لەناو داعش خاوەن ڕۆڵێکی چالاک بووە و چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجام داوە. بە بیانووی ئەوەی بەشداری داعشی کردووە، لە هۆڵەندا دۆسییەیەکی بۆ کرایەوە و سزای ٨ ساڵ زیندانیکردنی بۆ بڕایەوە. ڕیەدیژک پێش ئەوەی بچێتە ناو داعش، لە شاری ئارنهایم کەوتوەتە ژێر کاریگەریی ژنێکی موسڵمان، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ئاینەکەی خۆی گۆڕی و هاتوچۆی مزگەوتی ئارنهایمی کردووە و لەوێ سەلەفییەکانی ناسیوە.

لە مزگەوتی تورک و مەغریبییەکان

ریەدیژک باسی لەوە کرد، کاتێک لە ئارنهایم بووە، بەردەوام دەچووە مزگەوتی مەغریبی و تورکەکان کە بەناوی ئایا سۆفیایە و وتی، ئەو پەروەردە ئاینییەی لەوێ دەدرا، ژیانی گۆڕی. ڕیەدیژک ڕاشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٣ پەیوەندی لەگەڵ کەسانێک دروست کرد کە بەشداری گروپی جیهادییەکانی سوریا ببوون. بەبێ ئەوەی زانیاری فراوان بڵێت، بەو شێوەیە باسی هاتنی بۆ سوریا دەکات: "مانگەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٤، بۆ ئەوەی بچمە ناو داعش ڕووم لە ئەلمانیا کرد، لەوێشەوە بە فڕۆکە چوومە ئەستەنبۆڵ، دواتر چوومە دیلۆک. لە فڕۆکەخانەی دیلۆک پۆلیس وەستاندمیان و چەند پرسیارێکیان لێ کردم. لەگەڵ ئەوەی دەیانزانی دەچمە سوریا، ئازاد کرام. دواتر ئەو ئەندامانەی داعش کە من لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە پەیوەندیم لەگەڵیان هەبوو، بە تاکسییەک هاتن لە هوتێلەکە منیان وەرگرت و بردمیانە شوێنێک. لەو شوێنەش دەیان کەس لە ڕەگەزنامە و ڕەچەڵەکی جیاواز هەبوون کە هاتبوون بۆ ئەوەی بچنە ناو داعش. ئێوارە لە سایەی ئەندامانی داعش، بە بێ ترس و کێشە چووینە ناو خاکی سوریاوە. ئەندامانی داعش لەودیو سنوور پێشوازیان لێ کردین و لە جەرابلوس ئێمەیان بردە میوانخانەیەک".

لەگەڵ بەگومی تەمەن ١٥ ساڵە زەماوەندی کرد

ریەدیژک دوای ئەوەی سێ ڕۆژ لە جەرابلوس ماوەتەوە، بردویانەتە ڕەقا و لە کەمپێک لە ڕەقا دوو مانگ پەروەردەی سەربازی وەرگرتووە. دواتر بە شێوەیەکی چالاک بەشداری هەموو ئەرکێک بووە. ڕیەدژیک کاتێک لە ڕەقا بووە لەگەڵ ئەندامی داعش شامیما بەگومی تەمەن ١٥ ساڵە کە هاوڵاتی بریتانیا بوو زەماوەندی کردووە. ڕیەدژیک باسی لەوە کرد کە دوو منداڵیان لە باغۆز و یەکیش لەو کەمپەی قەسەدە کە ئێستا بەگومی لێیە بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە. ڕیەدژیک ڕاشیگەیاند ماوەیەکی کورت لەناو داعشدا مایەوە کەسێک ناوی بیستراوە دەڵێت، ئەو چەکی بەکارهێناوە، بەڵام ناڵێت لەکوێ شەڕی کردووە یانیش بەشداری کۆمەڵکوژییەکانی کردووە یان نا.

لاشەکان لە ڕەقە نیشان دەدران

ریەدیژک نایەوێت بڵێت کۆمەڵکوژیی کردووە، بەڵام بەو قسانەی دەڵێت کە داعش بەگوێرەی یاسای خۆی کە بۆ شەڕ داینابوو، لە ناوەندی شاری ڕەقا چەندین جار مەدەنییەکانی کۆمەڵکوژ کردووە: "داعش جەستەی ئەو خەڵکە مەدەنییەی کە دەیکوشتن، بۆ ئەوە ترس بخاتە ناو دڵی خەڵک لەناو شارەکە نیشانی دەدا. لەسەر ئەو کەسانەی دەشیکوشتن دەینووسی بە چ تاوانێک کوژراوە. هەموو ئەو کەسانەی دەکوژران خەڵکی مەدەنی و هەموویان موسڵمان بوون، زۆربەشیان بە تاوانی سیخوڕیکردن تاوانبار دەکران".

باسی زیندان ناکات

ریەدیژک بانگەشەی ئەوە دەکات بەهۆی داواکاری وازهێنانی لەداعش دەستگیرکراوە و ٧ مانگ لە زیندان ماوەتەوە، داعش زۆر ئەشکەنجەی داوە و وتی: "لە دەرەوە کۆمەڵکوژی دەکرا، بەڵام ئەوەی لە زیندانەکان ڕوویان دەدا زۆر ترسناکتر بوون. ناتوانم باسیان بکەم. زۆرشت هەبوو من لەبارەی داعشەوە نەمزانیبوو، لەوێ زانیم، بەڵام ناتوانم ئەوانە بڵێم".

بەڕای ئەو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە

ریەدیژک دەڵێت، لە چوونە ناو داعش پەشیمانە، بەڵام داعش وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریست نابینێت. وێڕای ئەو هەموو کۆمەڵکوژیانەی کە کردویەتی خۆی بە تاوانبار نابینێت.

هێرشی دژی کورد هەڵە بوو

ریەدیژک شەڕی داعش لە دژی کورد وەکو هەڵەیەکی مێژوویی باس دەکات و وتی: "من ئێستاش تێنەگەیشتم بۆچی داعش دژی کورد شەڕی کرد. لەم خاکە جگە لە کورد هێزێکی دیکە نەبوو تێکمانبشکێنێت، بۆیە نازانم بۆچی هەڵەیەکی وا کرا. هێرشی دژی کورد هیچ سوودێکی نەبوو بۆ داعش. هێرشی دژی کورد کۆتایی بە ئێمە هێنا".

هەموو پێداویستییەکانمان لە تورکیاوە دەهات

ریەدیژک باسی لەوەش کرد، پێش هەموویان تورکیا و چەندین دەوڵەتی دیکە هاوکاری داعشیان کرد و وتی: "بۆ نمونە ئێمە لەدژی ڕژێم شەڕمان دەکرد، لە هەمان کاتیشدا نەوتمان دەفرۆشتە ڕژێم. پەیوەندیمان لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد هەبوو. زۆربەی پێداویستییەکانمان لەڕووی چەکەوە لەڕێگەی ئەو ڕێکخستنەوە دەستمان دەکەوت. هەروەها بەشێکی زۆری نەوتیش بە تورکیا دەفرۆشرا. داعش هەموو پێداویستییەکانی خۆی لە ڕێگەی تورکیاوە دابین دەکرد. بەڕای من لەنێوان تورکیا و داعش پەیمانێکی نهێنی هەبوو. بنەمای ئەو پەیمانە بەم شێوەیە بوو: 'تۆ ئیشت بە کارەکانی منەوە نەبێت، لەدژی کورد شەڕ بکە، منیش هەموو پێداویستییەکانت بۆ دابین دەکەم.' داعش هەم نەوتی بە تورکیا دەفرۆشت و هەم پێداویستییەکانیشی لەو ڕێگەیەوە دابین دەکرد".

ک-ش