ڕۆژنامەنووسانی هەڵەبجەیی: برادۆستی ئازاد بکەن

ڕۆژنامەنووس و چالاکوانای هەڵەبجەیی داوایان کرد زوبێر برادۆستی، پەیامنێری ڕۆژنیوز ئازاد بکرێت.

لە هەڵەبجە، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان بە ڕاگەیاندراوێک داوای ئازادکردنی 'زوبێر برادۆستی'ی پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوزیان کرد. هاوکات دەستگیرکردنی برادۆستیشیان شەرمەزار کرد.

١٢ ڕۆژە زوبێر برادۆستی لە دەڤەری برادۆست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پەدەکەوە دەستگیر کراوە، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان ئەمڕۆ لە هەڵەبجە لەدژی دەستگیرکردنی پەیامنێرەکەی ڕۆژنیوز ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ڕۆژنامەنووس جیهاد هەورامییەوە خوێندرایەوە و تێیدا داوای ئازادییان بۆ برادۆستی کرد.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتبوو: "لەكاتێكدا ڕۆژبەڕۆژ مەودای ئازادی ڕادەربڕین لەوڵاتانی پێشكەوتوودا فراوانتر دەكرێت، لە هەرێمی كوردستان بەپێچەوانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ پێشێلكاری زیاتر بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان تۆمار دەكرێت و ئازادیی ڕۆژنامەنووسبی بەرتەسكتر دەكرێتەوە، بە پێی ئامارەكان پێشێلكارییەكان ڕوو لە زیادبوونن و مەترسی جدی بۆ سەر میدیاكاران و ڕۆژنامەنووسان هەیە. زوبێر برادۆستی ماوەی ١٢ ڕۆژە دەستگیر کراوە. دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشێلكارییەكی زەقی كاری ڕۆژنامەنووسییە و پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤە".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا، هەموو هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانیان شەرمەزار کرد و وتیان: "با یاسا سەروەر بێت و کۆتایی بە پێشێلكارییەكانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان بهێنرێت. نامانەوێت بە پاساوی جۆراوجۆر مەترسی لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بەردەوام لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا کێشەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت، بۆیە ئەركی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی داواكاری گشتییە، لەدژی ئەم پێشێلكارییانە دەرهەق بە ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران بێنە دەنگ و سنوورێك بۆ دەزگا ئەمنییەكان دابنێن، بەپێی یاسا بەركارەكانی ڕۆژنامەنووسی مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاراندا بكرێت".