ئۆتۆنۆمی نەتەوەیی و كولتووری کوردی یەرشۆڤ لە شاری ساراتۆڤی فیدراسیۆنی ڕووسیا بە بەشداریی ٥٠ ئەندام دووەمین کۆنفڕانسی ئاسایی خۆی گرێ دا. لە کۆنفڕانسەکەدا هەر یەک لە ئیڤان دۆرۆشین ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی گەل له حکوومەتی ساراتۆڤ، سڤەتلانا مالینۆڤسکایا جێگری سەرۆکی شارەوانیی یەرشۆڤ، فەهاد پاتییهڤ هاوسەرۆکی ئۆتۆنۆمی فیدڕاڵیی كولتووری کورد لە یەرشۆڤ و چەندین بهرپرسی دیكهی ئۆتۆنۆمییهكه بەشدارییان له کۆنفڕانسەکەدا كرد.
کۆنفڕانسەکە کرایە دیاری بۆ شەهید دیار غەریب ئەندامی ئهنجومهنی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە کە لە ٥ی تهمووز/١٤ی پووشپەڕ لە قەندیل لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی سوپای توركی داگیركهر شەهید بوو.
لە گوتاری كردنهوهی کۆنفڕانسەکەدا سیاسەتمەداری کورد فەرمان گارزان کوردستان دۆخی سیاسیی ناوچهكهی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، هێزە نێونەتەوەییەکان ههوڵ دهدهن سهرلهنوێ نهخشهی سووریا دیزاین بكهنهوه. گارزان گوتیشی، دەبێت ڕووسیا لە سووریا گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکات.
دوای گوتهكان، ڕاپۆرتی چالاکییەکانی دوو ساڵی ڕابردوو خوێنرانەوە و دهربارهی کێشەکانی کورد لە ناوچەکە گفتوگۆ کرا. لە گفتوگۆکاندا زیاتر باسی دۆخی توانەوە لهنێو كولتوور (ئەسمیلاسیۆن) کرا. ڕاگەیاندرا کە دەبێت خەباتەکانی ڕێکخستن پتهوتر بکرێن.
لە کۆنفڕانسەکەدا میرزا عەلی عادل و گوڵیزهرا سوڵتان بۆ هاوسەرۆکایەتیی ئۆتۆنۆمییهكه و ٩ کەس بۆ ئەنجومەنەکەی هەڵبژێردران.
s.m