کەجەدەکە: ئێمە لە بەرامبەر دیکتاتۆریدا ڕادەپەڕین و دیموکراسی دەپارێزین

دەنگدان لە ئەورووپا بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە نێوان ٧ تا ١٩ی حوزەیران/١٧ تا ٢٩ی جۆزەردانە.کەجەدەکە-ئەوروپا لەو بارەیەوە بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە گەلی کورد وتورک-ی ئەوروپا دەکات کە بۆهێنانەدی دیموکراسی، ئاشتی و ئازادیی دەنگ بدەنە هەدەپە.

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی کوردستان لە ئەوروپا 'کەجەدەکە-ئەوروپا' لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران بووە بە ڕاستییەک لە نێوان دیکتاتۆریی تاکەکەسیی و لایەنگرانی دیموکراسی. لەلایەک دیکتاتۆریی تاکە کەسیی فاشیست هەیە و لەلایەکەی تریش لایەنگرانی دیموکراسی."

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٥ی حوزەیران/٤ی پووشپەڕ ڕۆژی یەکلاکەرەوەیە. یان دیکتاتۆریی فاشیست جارێکی دیکە سەردەکەوێت و تورکیا زیاتر دەکەنە گۆمی خوێن، یان لایەنگرانی دیموکراسی سەردەکەون و ئاشتیی و برایەتی نێوان گەلان دێتە ئاراوە.

٢٤ی حوزەیران دەرفەتێکی گەورەیە

ئێمە باش دەزانین کە ئەگەر لە ٢٤ی حوزەیراندا/٣ی پووسبەڕدا دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان – باخچەلی و فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە سەربکەون، ئەوکات تورکیا زۆر شت لەدەست دەدات. لە ڕێگای گروپی چەتەکانیان وەکو چەتەکانی داعش، ئەلنوسرا و ئەلقائیدە، تورکیا دەکەنە گۆمی خوێن. کوردان لەناو دەبەن. باکووری سوریا بە تەواویی داگیر دەکەن. ئاستی داڕمان لە تورکیا بەرز دەبێتەوە و بەوەش وڵات بەرەو سەرگەردانیی دەبەن.

بەڵام دەتوانرێت پێش لەو سەرگەردانیەی وڵات بگیرێت. ئەوەش لە ڕێگای هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانەوە دەبێت. لەبەرئەوە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ دەرفەتێکی گەورەیە. کورد، ئەرمەنی، عەرەب، گورجو، ئازەریی، لاز، چەرکەس، موسوڵمان-ی ڕاستەقینە و عەلەویەکان، بە کورتی هەموو ئەوانەی دژی دیکتاتۆرین، گەل، کرێکار و لایەنگرانی برایەتیی نێوان گەلان و باوەڕییە جیاوازەکان دەتوانن ئەم دەرفەتە بکەنە ئاهەنگ و شایی دیموکراسی و کۆتایی بە دیکتاتۆریەت بهێنن. ئەوەش کارێکی زۆر قورس نیە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە گەل، کرێکار و خاوەن بیروباوەڕە جیاوازەکان هێزی خۆیان بکەنە یەک. لەسەر بنەمای کاری هەرەوەزیانە و دیموکراسیانە بڵێن "ئێمە دەتوانین دیکتاتۆریەت لەناو ببەین و بە شەو و ڕۆژ کار بۆ ئەوە دەکەین. بەڵێ ئەردۆغان بە فرت و فێڵ دەتوانێت ئاستەنگیمان بۆ دروست بکات، بەڵام ئێمە بە خاوەنداریکردن لە سندوقەکانی دەنگدان ئەو ئاستەنگیانە لەناو دەبەین. ئێمە دەتوانین بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٥ی حوزەیران٤ی پووشپەڕ سەرکەوتنی دیموکراسی ڕابگەیەنین.

بانگەواز بۆهێزە دیموکراتیخوازەکان

لە لێدوانەکەی کەجەدەکە-ئەوروپا دا بە بیرهێنراوەتەوە کە لە ئەوروپا نزیکەی ٣ ملیۆن دەنگدەرهەن و تێێدا هاتووە "لانیکەم نیوەی ئەو دەنگدەرانە لایەنگرانی دیموکراسی و ئازادین. لایەنگرانی گەلان و دۆستایەتیی نێوان باوەڕیە جیاوازەکانن. واتە لە مرۆڤی پێشکەوتوو، دیموکرات، دژە فاشیست، نووسەر، ڕۆژنامەوان، هونەرمەند، ئەکادیمین. ئەو مرۆڤانەن کە بەهۆی فشارەکانی دیکتاتۆریەتەوە ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن.

کەجەدەکە-ئەوروپا، لە لێدوانە نوسراوەکەیاندا دەستنیشانیان کردووە کە جێگەی ئەو کەسانە ناو هەدەپەیەو بانگەوازی هەموو کەسێک دەکەن کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن بە هەدەپە، کە سندوقی دیموکراسیە.

لە بەردەوامی لێدوانەکەیاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەگەر گروپەکانی ناو کۆمەڵگا ببنە یەک دەتوانن ڕێگە لە فرت و فێڵەکانی ئەردۆغان بگرن و تێیدا هاتووە "ڕێگەی پێشگرتن لە دیکتاتۆریی دەنگدانە بە هەدەپە. لەبەرئەوەی کە ئەردۆغانی دیکتاتۆر دەیەوێت هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێنەپەڕێنێت و بەو شێوەیە دەیەوێت دەست بەسەر لانیکەم ٦٠ کورسی پەرلەماندا بگرێت. ئەگەر ئەو پیلانگێڕییەشی بۆ بچێتە سەر، ئەوکات بەرەی میللەت ناتوانن هیچ شتێک بکەن دژ بە ئەردۆغان و ناچار دەبن کە ماوەی ٥ ساڵ لەژێر سایەی دیکتاتۆریی و فاشیزمدا ژیان بکەن. لەبەرئەوە ئەو دەنگدەرانەشی کە جاری پێشوو دەنگیان نەداوە بە هەدەپە، دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا دژ بە دیکتاتۆریی و بۆ سەرکەوتنی دیموکراسی، هەرچۆنێک بووە دەنگی خۆیان بدەن بە هەدەپە.

دەبێت هەموو دەنگدەرێکی کورد دەنگی خۆی بدات

کەجەدەکە-ئەوروپا باسی لەوە کردووە کە هەرچۆنێک بێت دەبێت دەنگدەرانی کورد سەرجەمیان بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن بە هەدەپە. لە لێدوانە نوسراوەکەدا هاتووە "با ئەوە بزانرێت کە پیلانی ئەردۆغان-باخچەلی پیلانی لەناوبردنی کوردانە. ئەگەر دیکتاتۆریی ئەردۆغان و باخچەلی جارێکی تر سەربکەون، هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان وەک نسێبین، شرنەخ، سلۆپی، سوور، عەفرین و کۆبانێ وێران دەکەن و کوردان لەناودەبەن. هەروەکچۆن لە شەنگال بە سیاسەتی لەناوبردن، ٥ هەزار ژنی کورد ڕفێندران، منداڵی کورد لە چیای شەنگال لە تینوێتی و برسێتیدا گیانیان لەدەستدا، چۆن بە فیشەکی داعش کوژران، ئاوەهاش ئەردۆغان هەمان شت لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئەنجام دەدات. لەبەرئەوە هەر کوردێک دەنگ بە ئاکەپە بدات، دەستی کوردانەی دەچێتە خوێنی خوشک و براکانیەوە. تەنانەت نابێت یەک کوردیش بەرەو ئاکەپە و ئەردۆغان هەنگاو بنێت.

کەجەدەکە-ئەوروپا داوای لە کوردانی ئەوروپا کرد کە کار بکەن بۆئەوەی کوردانی وڵاتانی تری ئەوروپایی بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن.

بانگەوازی لە دەنگدەران لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا کرا

لە لێدوانەکەی کەجەدەکە-ئەوروپادا بەبیرهێنراوەتەوە کە دەنگدان لەنێوان ڕۆژانی ٧ تا ١٩ی حوزەیران/١٧تا ٢٩ی جۆزەردان بەردەوامیی دەبێت و ڕایانگەیاندووە "کورد و گەلانی تورکیا، هێزە دیموکراتیخوازەکان، عەلەوی و موسوڵمانان کە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و نەمسا دەژین، داواتان لێدەکەین کە بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بۆ دیموکراسی و ئازادیی دەنگی خۆتان بدەن. بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و برایەتی نێوان گەلان و دژ بە دیکتاتۆریی دەنگی خۆمان دەدەین بە هەدەپە".

ک-ش