گراهام: بەم شێوەیە بەردەوام بێت پەیوەندییەکانمان لە گەڵ تورکیا بە تەواوەتی تێک دەچێت

لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمریکی لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر تل تەمر و کۆبانێ هۆشداری دا و وتی: "بەم شێوەیە بەردەوام بێت پەیوەندیەکانمان لەگەل دەوڵەتی تورک بە تەواوەتی تێک دەچن."

لیندسی گراهام سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکی کە پێشتر لە دژی بریاری دۆنالد ترامپ بۆ رێگەپێدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ناڕەزایەتی نیشان دابوو، ئەم جارە لە بارەی بەردەوامی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر تل تەمر و کۆبانێ هۆشداری دا.

گراهام لە تویتێکی دا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیشکی خستە سەر لێدوانەکەی ئەردۆغان کە وتبووی " دەمانەوێت بچینە کۆبانی" و جەختی کردەوە کە پێویستە تورکیا خۆی لەو جۆرە هەڵسوکەوتانە بپارێزێت کە دەبنە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە کۆبانێ و تل تەمر.

گراهام لە پەیامەکەیدا هۆشداری دەداتە دەوڵەتی تورکیا و دەڵێت: "ئەگەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی کورد و مەسیحیەکان لە تل تەمر و کۆبانێ بەردەوام بن، پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و کۆنگرێسی ئەمریکا بە تەواوەتی دەبچڕێت. من بانگ لە تورکیا دەکەم کە بوەستێت و لە هەوڵی پەیوەندیەک دا بێت کە تیایدا سەرکەوتو بێت."

ف.ق