فاینەنشاڵتایمز: ئێران و ئەمریکا بە نهێنی دانوستانیان هەبووە

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایزمی بەریتانی جارێکی دیکە ئێران و ئەمریکا لەشاننشینی عومان بە نهێنی دانوستانیان ئەنجامداوە و ئەمەش دووەم گەڕی دانوستانیانی نێوانیانە لەم ساڵدا.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، کە لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکاندا لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ ئەمریکا داوای لە تاران کردووە، کە دەستڕۆیشتوویی خۆی لەسەر حوسیەکان بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەهێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بهێنن.

ئەوەش خراوەتەڕوو بڕیاربووە کە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە مانگی شوبات بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی چڕبوونەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەزە ئەو دانوستانە نهێنیانە دواکەوتوون.

فایەنشاڵتایمز بڵاویکردەوە، لە دانوستانەکاندا برێت مەکگۆرک راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابرام پیلی نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بە نوێنەرایەتی واسنتۆن ئامادەن و هەروەها لەلای حکومەتی تارانیشەوە عەلی باقری کەنی گەورە دانوستانکاری ئەتۆمی بەشدارە و دانوستانەکان بە ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیری بەرپرسانی عوومانی بەڕێوەدەچن.

بەرپرسانی تاران و واشنتۆن نەیانشاردووەتەوە، کە لە رێگەی هەندێک کاناڵەوە پەیوەندی بەیەکترەوە دەکەن و پەیام ئاڵوگۆر دەکەن.

ساڵی رابردوو دوایین دانوستانی نێوانیان لە مانگی ئایاردا ئەنجامدرا و لە ئەنجامی ئەو دانوستانانەدا ئەمریکا لە مانگی ئەیلولدا شەش ملیار پارەی دەستبەسەرداگیراوی ئێرانی ئازاد کرد.

هاوکات لە چەند مانگی رابردوودا ئێران خێرایی پیتاندن و ئاستی چڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی کەمکردووەتەوە و ئەمەش بە دەرەنجامی بەردەوامی دانوستانە نهێنیەکانی لەگەڵ ئەمریکا دادەنرێت.

هـ . ب