لە غەززە شەڕ دەستی پێکردەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیپێکردەوە و نزیکەی ٢٠٠ کەس کوژراو و ٦٠٠ بریندار بوون.

دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل بۆ دووەم ڕۆژ کەرتی غەززەی بۆردومان کرد. بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی جۆناسان کۆنریکوس، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند:"لە سەرتاسەری کەرتی غەززە هێرش دەکەینە سەر ئامانجە سەربازییەکانی حەماس لە."

وەزارەتی تەندروستی غەززە لەژێر دەسەڵاتی حەماس ڕایگەیاند، لە ڕۆژی هەینیەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل دەستیپێکردەوە، نزیکەی ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٠٠ کەسیش برینداربوون.

بزووتنەوەی فەلەستین و ئیسرائیل یەکتر بە هۆکاری کۆتایی هاتنی ئاگربەست کە بووە هۆی ئازادکردنی ٢٤٠ زیندانی فەلەستینی و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئازادکردنی ١٠٠ زیندانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٥ هەزار کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە شەش هەزار و ١٥٠ کەسیان منداڵن. کاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری گشتیی یونیسێف لە بەیاننامەیەکدا لە نیویۆرک وتی:"ئەگەر گرژییەکان بەم ئاست و قورسیەوە بەردەوام بن، ڕۆژانە سەدان منداڵی دیکە دەکوژرێن و بریندار دەبن."

لەسەر سنووری باکوری ئیسرائیل جارێکی دیکە شەڕ لە نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حزبوڵای لوبنان کە هاوپەیمانی حەماسە، دەستیپێکردەوە. حیزبوڵا ڕایگەیاند:"لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، دوو ئەندامیان و هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراون. هاوکات هێرشکەی سەر ئیسرائیلی لە ئەستۆ گرت."

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی فەلەستینی وەفا، هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی شەوانەیان لە هەرێمە جیاجیاکانی کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو کە حەماس پاڵپشتیان دەکات ئەنجامداوە.

١٣٦دیل هێشتا لە دەستی حەماسدان

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە لە سەرەتای شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە بە کۆی گشتی ١١٠ دیل لە کاتی ئاگربەستدا ئازاد کراون کە زۆربەیان ژن و منداڵ و دیل بوون و تا ئێستاش ١٣٦ دیل لە دەستی حەماس و گرووپە گرێدراوەکانی ماون.

وڵاتی قەتەر کە ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بکەن و ڕایگەیاند، دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان "کارەساتی مرۆیی لە غەززە خراپتر دەکات."

دۆخی تەندروستی خراپتر دەبێت

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارودۆخی ئێستادا، ئەو شوێنانەی لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە، زیاتر لە نیوەی خانووەکانی ڕووخاو و وێران کراون، یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوون، بۆیە پێویست بە هاوکارییەکی زۆر هەیە. بەتایبەت دۆخی تەندروستی خراپتر دەبێت، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ١١١ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییە قورسەکان لەنێو ئاوارەکانی غەززەدا ڕوویداوە کە ٣٦ هەزار حاڵەتی سکچوون منداڵانی خوار تەمەنی ٥ ساڵانن.