لە ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو خۆپیشاندەردا سەپێندرا

دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو خۆپیشاندەری دیکەدا سەپاند، کە لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'یدا بەشدارییان کردبوو.

 بە گوێرەی زانیارییەکان دوو خۆپیشاندەری بەلوچ بە ناوەکانی فەرشید حەسەنزەهی تەمەن ٢٥ ساڵ و جەمشید حەسەنزەهی تەمەن ٢٩ ساڵ کە لە ٢٦ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبری ٢٠٢٢ دەستگیرکرابوون، بە درێژەی ماوەی دەستبەسەربوونیان لە ژێر ئەسکەنجەدابوون و لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەشبوون، لەلایەن دادگای زاهیدانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

دیوانی باڵای دادوەری سزای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرێکی پەسەند کرد

هەروەها دیوانی باڵای دادوەری ئێران ئێران سزای لە سێدارەدانی کەسێکی دیکەی پەسەند کرد کە بانگەشە دەکرێت لە خۆپیشاندانەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی 'بەرپرسێکی سەربازی کوشتووە.

تائێستا ٧ کەس بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

سێ کەس لە پێکهاتەی بەلووچ لەسێدارەدران

رۆژی دووشەممە راگەیەندرا کە لە پاڕێزگای سیستان و بەلوچستان بە بانگەشەی "چالاکی تیرۆریستی" سێ کەس لەسێدارەدراون.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نێوان ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بۆ ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەوڵەتی ئێران لانیکەم ٦٨٧ کەسی لە سێدارەداوە، کە ١٧ ژن و یەک منداڵیان لە ناودابووە.

٧ لەو کەسانەی لەسێدارەدراون، بە بەرچاوی خەڵکەوە سزاکەیان جێبەجێ کراوە.

هـ . ب