عێراق داوای هەڵوێستی نێودەوڵەتی دژی تورکیا و ئێران دەکات

وەزیری سەرچاوەئاوییەکانی عێراق رایگەیاند: "عێراق لەبارەی دۆسییەی ئاو لەگەڵ تورکیا و ئێران پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە و داوایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت.

 هەریەک لە تورکیا و ئێران ژمارەیەک بەنداوییان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دروست کردووە و بەگرتنەوەی ئەو بەنداوانە گرفتی کەم ئاوی بۆ عێراق دروست دەبێت و کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و هۆڕ و روبارەکان دەبێت.

 نەبوونی پلانێکی تۆکمە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە، تاوەکو ئێستا کێشەی کەم ئاوی و بەکارهێنانی شێوازی نوێ و زانستی لە کشتوکاڵکردندا کە پێویستی بە بڕێکی کەم ئاو هەیە پەیڕەو نەکراوە و ئەمەش گرفتەکەی بۆ عێراق گەورەتر کردووە، سەرەڕای گۆڕانی کەشوهەوا و سەرهەڵدانی دیاردەی بە بیابان بوون کە زیانێکی بەرچاوی بە سامانی ئاو لە عێراق گەیاندووە.

 لەلای خۆیەوە لەسەر ئەو پرسە، عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ووتی: "هەندێک لێکتێگەیشتن هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا و شاندی تورکیا ئەرکی چالاککردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەیە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا واژۆکراوە".

 عەون زیاب ڕاشیگەیاندووە: "ئەم یاداشتنامەیە بوو بەهۆی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاودێری لە عێراق، بەتایبەتی پرۆژەی ئاودێری عەمارە، لەگەڵ ئێرانیشدا بابەتی گرنگی دیکەی وەک پڕۆژەی دیجلەی ناوەڕاست گفتوگۆکراوە".

 وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاشکراشی کردووە: "دەریاچە نافەرمییەکان هەڵدەوەشێننەوە و داوا لە جوتیاران و خاوەن حەوز و پرۆژەکانی ماسی دەکەن رێگاکانی کشتوکاڵی سەرەتایی و ئاسایی بگۆڕن بۆ کێڵگەی داخراو، ئەمەش کێشەکە چارەسەر دەکات، چونکە پێویستی بە بڕێکی زۆر ئاو نییە و حکومەتیش پشتگیری دەکات".

 باسی لەوەش کرد کە لەکۆڕبەندی عێراق کە لەژێر ناوی "ئاو و ژینگە لە عێراق، کاتی ئەوە هاتووە کاربکەین و خۆمان لە کارەسات بپارێزین"، تیشکخرایە سەر گرفتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە دیارەکانی کە لەدیارترینیان بریتیە لەکەرتی ئاو بە پلەی یەکەم و لەبەرامبەردا دەبێتەهۆی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆرک".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو وشکە ساڵییەی چەند جارێک رووی لەناوچەکە کرد و گرفتی کەم ئاوی بۆ عێراق دروستکرد، عێراق چەندجارێک شاندی باڵای بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئاو رەوانەی تورکیا و ئێران کردووە.

 هـ . ب