عێراق و ئێران دەربارەی ئاسایشی سنوورەکان و بەگژاچوونەوەی مادەی هۆشبەر کۆبوونەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری ناوخۆی عێراق عەبدولئەمیر ئەلشمەری لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە تاران کۆبوونەوە، سەبارەت بە پرسی ئاسایشی سنوورەکان و بەگژاچوونەوەی مادەی هۆشبەر.

لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتووە: «سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ئەلشمەری گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران لەسەر بانگهێشتی وەزیری ناوخۆی ئێران».

ئەلشمەری سەرۆکایەتی شاندێکی دەکرد کە پێکهاتبوو لە بریکاری دەزگای هەواڵگری و فەرماندەی هێزەکانی سەرسنوور و بەڕێوەبەری بەگژاچوونەوەی مادەی هۆشبەر و بەڕێوەبەری باری کەسێتی و پاسپۆرت.

بڕیارە شاندەکە گفتوگۆی گرنگ بکەن لەگەڵ لایەنی ئێرانی سەبارەت بە ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و بەگژاچوونەوەی مادەی هۆشبەر و هاتوچۆی هاوڵاتییانی هەردوو وڵات.

شاندەکە لەلایەن وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەحمەد وەحیدی و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی و سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازییان لێ کرا.

هـ . ب