وەزارەتی تەندروستی حەماس: ژمارەی کوژراوان ٩ هەزار کەسی تێپەڕاندووە

وەزارەتی تەندروستی حەماس رایگەیاند، تائێستا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل ٩ هەزار و ٦١ کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە زیاتر لە سێ هەزار کەسیان منداڵ بوون.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی حەماس، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تائێستا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل ٩ هەزار و ٦١ کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە ٣ سێ هەزار و ٧٦٠ کەسیان منداڵ بوون.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لەو کەسانەی کوژراون ٢ هەزار و ٣٢٦ کەسیان ژنن. هەروەها رایگەیاند کە لانیکەم ٣٢ هەزار کەسیش برینداربوون.

لە کەمپی جبالیا نزیکەی ٢٠٠ کەس کوژراون

حکومەتی حەماس رایگەیاندووە: کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ئیسرائیل دوو جار بۆردومانی کەمپی پەنابەرانی جبالیای کردووە و لە ئەنجامدا ١٩٥ کەس کوژراون.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی حکومەتەکەی حەماس ئەوەی خستووەتەڕوو، کە جیا لەو کەسانەی ژیانیان لەدەستداوە ١٢٠ کەس لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندان و چارەنوسیان نادیارە و ٧٧٧ کەسیش برینداربوون.

کەمپەکە نزیکەی ١١٦ هەزار ئاوارەی تێدایە و رۆژی چوارچەممە بەسەدان فەلەستینی لەو کەمپە گواسترانەوە.

بە گوێرەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی وێرانکاری و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر مەدەنی، بۆردومانەکان بە ئەگەری زۆر دەکەونە خانە 'تاوانی جەنگ'ەوە.

لە بەرەی لوبنانیشەوە حزبوڵا بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەوی رابردوو فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی ئیسرائیلیان تێکشاندووە. بەڵام سوپای ئیسرائیل ئەو بانگەشەیە رەتدەکاتەوە.

هـ . ب