ئاماری نوێی قوربانیانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بڵاوکرایەوە

وەزارەتی تەندرووستی غەزە رایگەیاند، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٢ هەزار و ٥٥٢ هاوڵاتیی غەزە كوژراون، وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکات هەزار و ٤٠٠ هاووڵاتیان بە هۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون.

وەزارەتی تەندرووستیی غەزە و وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی غەزە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٢ هەزار و ٥٥٢ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٤ هەزار و ٩٨٠ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٦٢ كەس لە غەزە كوژراون و ٩١ـی دیكەش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٧٤ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی ٣٥٠ هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لە غەزە بەبێ چارەسەرن.

لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی زەمینی و هەروەها هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە بەهۆیەوە سوپای تەلەئبیب هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر کەرتی غەزی دەستپێکرد و تائێستاس ئەو هێرشانە بەردەوامن.

هـ . ب