ئێران پێشنیازی نوێی وتووێژی ڕەتکردەوە

ڕژیمی ئێڕان پێشنیازی وتووێژی نێونەتەوەییە نوێکەی فەرانسای لەسەر بەرنامەی ناوەکی خۆیی ڕەتکردەوە

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئێران لە کاردانەوەی وڵاتەکەی بەرامبەر قسەکانی ئیمانوئیل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا کە وتبووی: "ئێمە هاوڕاین لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامەی مووشەکی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، ڕایگەیاندووە: خستنەڕووی هەندێک بابەت لە دەرەوەی بەرجام (ڕێککەوتنی ئەتۆمی) نەتەنیا یارمەرتیی مانەوەی بەرجام نادات، بەڵکوزەمینەی بێباوەڕبوونی زیاتریش لەنێوان ئەو لایەنانەی لە ڕێککەوتنەکە ماونەتەوە دروست دەکات.

موسەوی ئەوەشی وتووە کە: ڕۆژئاواییەکان جگە لە هەندێک وتە و بەیانییەی سیاسی، تا ئێستا ناکارامە بوون لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانیان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە و نەیانتوانیوە زەمینەیەک بۆ بەهرەمەندبوونی ئێران لەو ڕێککەوتنە خۆش بکەن.

موسەوی وتوویەتی: ئەوروپییەکان بەم کارانە ئەمریکا نزیک دەکەنەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە کشانەوەی نایاسایی لە ڕێککەوتنەکە و دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەو ڕێککەوتنە.

موسەوی لەسەر قسەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بانگەشە و تۆمەتەکانی دووبارەن و هیچ بایەخێکیان نییە و شایەنی کاردانەوە نیین.

ک-ش