بەرپرسانی ئەمریکی: ئەنقەرە بە ئەنقەست هێزەکانی ئەمریکای لە کۆبانێ بۆردومان کرد

چوار بەرپرسی ئەمریکی باسیان لەوە کردووە، تورکیا بە ئەنقەست هێزەکانی ئەمریکای لە کۆبانێ بۆردومان کردووە، ئاماژەیان بەوەش کردووە، تورکیا دەیەوێت رووبەری فراوانتر داگیر بکات لە سوریا.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست-ی ئەمریکی لە بابەتێکدا باسی لەوە کردووە کە هێزەکانی سوپای تورکی داگیرکەر، رۆژی هەینی رابردوو بۆردومانی هێزەکانی ئەمریکایان لە شوێنی تایبەتی خۆیان لە کۆبانێ کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکیا بە تەواوەتی دەزانێت ئەو شوێنە چەندین مانگە تەنیا هێزەکانی ئەمریکای لێیە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە چوار بەرپرسی ئەمریکی ئێستا و رابردوو جەختیان لەوە کردووە، ئەو کارەی تورکیا پرسیاری دروستکردووە لەبارەی ئەوەی تورکیا هەوڵ دەدات هێزەکانی ئەمریکا لە سنوور دوور بخاتەوە.

ئەو هێرشەی سوپای تورکیا بۆ سەر بنکەی ئەمریکییەکان لە کۆبانێ هاوکات بوو لەگەڵ ئەو هێرشەی سوپای داگیرکەر بۆسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە هاوپەیمانی ئەمریکا بووە لە شەڕەکەی دژی داعش لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا.

رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسانی تورکیا باوەڕیان وایە تورکیا بەرنامەی درێژخایەنی هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەرێکی زۆر فراونتر لە سوریا داگیر بکات.

ف.ق