زیانەکانی تەقینەوەکانی بەیروت بە ١٥ ملیارد دۆلار دەخەمڵێندرێت

زیانەکانی تەقینەوە گەورەکەی بەیروت لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ ملیارد دۆلار خەمڵێندراوە.

پارێزگاری بەیروت ڕایگەیاند، ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی لوبنانی لە ئەنجامی تەقینەوە کارەساتبارەکەی بەیروت بێ ماڵ و حاڵ بوون و ماڵەکانیان وێران بووە، زیانەکانی ڕووداوەکەش لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ ملیارد دۆلار خەمڵێندراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان ژمارەی کوژراوەکانی تەقینەوەکە گەیشتووەتە ١٣٥ کەس و زیاتر لە ٥ هەزار کەسیش بریندار بوون، جگە لەوەی هێشتان دەیان کەسی دیکە لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا بێسەروشوێنن.

حکومەتی لوبنان پێشتر هۆکاری تەقینەوەکەی پەیوەندیدار بە کۆگایەکی ماددەی تەقینەوەی نیتراتی ئامۆنیۆم ڕاگەیاندبوو، دوێنێش ڕایانگەیاندووە ئەو بەرپرسانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە لە بەندەری بەیروت بەرپرسیارێتییان هەبووە، لە ماڵەوەی خۆیان زیندانی دەکرێن تا ئەو کاتەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تەقینەوەکان ئاشکرا ببێت.

لەو بارەیەوە، مەنال عەبدولسەمەد وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان ڕایگەیاند: دەوڵەت داوای لە کاربەدەستانی سوپا کردووە، کە ڕێوشوێنی “مانەوەی زۆرەملی لە ماڵەوە” بۆ هەموو بەڕێوبەران و بەرپرسانی پەیوەندیدار بە کۆگاکەی بەندەری بەیروتەوە بگرنە بەر.

مییشل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان، دوێنێ ڕایگەیاند: توندترین سزا چاوەڕێی ئەو کەسانە دەکات، کە بەرپرسن لە ڕوودانی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت.

ز.ش