لە نێوان ئەمریکا و تاڵیباندا رێکەوتننامەیەکی مێژوویی ئیمزا کرا

دوای نزیکەی ١٩ ساڵ لە شەڕ و کوشتن، بزوتنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا ڕێککەوتنامەی ئاشتیان واژۆکرد. بەپێی ڕێککەوتنامەکە بزوتنەوەی تاڵیبان پەیوەندی بە ڕێکخراوی قاعیدە و گروپە تیرۆرستییەکانەوە دەپچڕێنێت و ئەمریکاش هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ده‌وحەی پایتەختی قەتەر، بە ئامادەبوونی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا و سەرکردەکانی تاڵیبان ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان ئەمه‌ریکا - تاڵیبان واژۆ کرا.

پۆمپیۆ خۆی ڕێکەوتنەکەی واژۆ نەکرد، لەجیاتی ئه‌و زاڵمای خەلیلزاد لەگەڵ سەرکردەی تاڵیبان مەلا عەبدولغانی بارەدا ڕێکەوتنەکەیان واژۆ کرد.

هەندێک لە خاڵە سەرەکییەکانی نێو ڕێککەوتنەکەی تاڵیبان و ئەمریکا بریتین لە:

- قۆناخی یەکەم: لە ماوەی ١٣٥ ڕۆژدا هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بۆ هەشت هەزار و ٦٠٠ سەرباز کەمدەکرێنەوە.

- قۆناخی دووەم: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ماوەی ١٤ مانگدا هەموو هێزەکانیان دەکشێننەوە.

- هێزە چەکدارەکانی تاڵیبان و گرووپە "جیهادییەکان"ـی دیکە دەستبەرداری شەڕ دەبن.

- تاڵیبان لەگەڵ حکومەتی کابوڵ دەست بە دانووستان بکات.

- ئەمریکا و تاڵیبان بەندکراوەکانیان دەگۆڕنەوە وەکو نیەتپاکی و دووپاتکردنەوەی پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە.

- پێنج هەزار بەندکراوی تاڵیبان لەگەڵ هەزار بەندکراوی حکومەتی کابوڵ دەگۆڕدرێنەوە.

ز.ش