٣٦ هەزار واژۆ بۆ پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی کۆکرایەوە

٣٦ هەزار واژۆ له دژی بڕیاری له سێدارەدانی رۆژنامەنووسی کورد پەخشان عەزیزی و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان شەریفە محەممەدی به پێشەنگایەتی یەکێتی ڕۆژنامهنووسانی ژن کۆکرایەوه.

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان (یەرەژە) ئەنجامی هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان" کە لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ لە دژی بڕیاری دادگاکانی ئێران بۆ لەسێدارەدانی ژنانی چالاکوان و رۆژنامەنووسی کورد شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی دەستیپێکردبوو، راگەیاند.

ئاشکراکردنی ئەنجامەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە باخچەی خوێندنەوەی شاری قامیشلۆ ڕاگەیەندرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکی تایبەت بە ئەنجامی کەمپینەکە بە زمانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەبیر هێنراوەتەوە کە ژنانی ڕۆژنامەنووسی هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر چەتری یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژنان (یەرەژە)دا خەبات دەکەن، بەرامبەر بە کردەوەکانی دەوڵەتی ئێران و سزای لەسێدارەدانی بەسەر رۆژنامەنوس و چالاکوانەکانی مافی مرۆڤ شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی دەستیان بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ کردووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەڵمەتەکە لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ بە دروشمی "نا بۆ لەسێدارەدان" دەستیپێکرد و بڕیاربوو لە ١٩ی ئاب کۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام بەهۆی پێشوازی زۆربەی دامودەزگا و ڕێکخراو و جەماوەری ژنانەوە، ماوەکە درێژکرایەوە و لە (٢٦ی ئاب) تەواو بووە.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا،  ٣٦ هەزار و ٣٩٨ واژۆ لەلایەن ڕۆژنامەنووسان، سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، چالاکوانان، ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ژنان و دامەزراوە یاساییەکان لە هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چوار بەشی کوردستان، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک لوبنان، میسر، مەغریب، تونس و هاوڵاتیانی ئەوروپا کۆکرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەنجامی هەڵمەتەکە دەنێردرێت بۆ فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پەیامنێرانی بێ سنوور، هەروەها ڕاگەیەندرا بەردەوام دەبن لە کار و چالاکییەکانیان تا بەدیهاتنی دادپەروەری و هەتا ئەو کاتەی دان بە ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە کۆمەڵگادا دەنرێت.