ڕاوێژی ژنانی کورد لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد

ڕاوێژی ژنانی کورد بە بەشداریی ژنانی کورد لە هەر چوار لای کوردستانەوە بە دروشمی 'کۆتایی بە کوشتنی ژنان بهێنن' دەستیپێکرد.

بە پێشەنگایەتیی کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و یەکێتیی ژنانی کوردستان، ڕاوێژی ژنانی کورد بە بەشداریی ژنانی کورد لە چوار لای کوردستان و بە دروشمی "کۆتایی بە کوشتنی ژنان بهێنن" لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد.

لە هۆڵەکەدا وێنەی ژنە کوژراوەکان هەڵواسرابوون.

ڕاوێژی ژنانی کورد بە دوو پانێل ڕێکدەخرێت. پانێلی یەکەمی ڕاوێژەکە لەلایەن مژدە عەباس هیدایەتەوە بەرێوەدەبرێت.

لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سروە ناسری ئەندامی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەسەر بابەتی توندوتیژیی دژ بە ژنان و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ژنان قسە دەکات.

لە باشوری کوردستان شەوبۆ مستەفا عەسکەری ئەندامی یەکێتیی ژنانی کوردستان باس لە رۆڵی یاسا و کولتور لە ناسنامەى ژن دا دەکات.

 لە باکووری کوردستانەوە عایشە ئاجار باشاران وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە باس لە گوشاری سیاسی لەسەر دۆخی ژنان دەکات.

پانێلی دووەمی ڕاوێژەکە لەلایەن سازیان شەهید تالیبەوە بەڕێوەدەچێت و لە پانێلی دووەمی ڕاوێژی ژنانی کورد دا، ئەڤین سوید نوێنەری بەڕێوبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان لەسەر دۆخی ژنانی ژێر داگیرکاری دەکات.

لە شەنگالەوە سەبیحە سەبری ئیبراهیم وتەبێژی بزووتنەوەى ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) باس لە 'ژنانی ئێزدی لە رۆژی ئەمڕۆماندا' دەکات.

دوای هەڵسەنگاندنەکان گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە دەکرێت. بە گشتی باس لە دۆخی ژنانی هەر چوارلای کوردستان دەکرێت.

کورتەفیلمێکیش لەسەر خەبات و تێکۆشان و دۆخی ژنان نمایش دەکرێت.

ژ.ت