باشاران: ئێمه له‌ ساڵی ٢٠٢٢دا ‌ تێكۆشانی ژنان فراوانتر ده‌كه‌ین

عایشە‌ ئاجار باشاران وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد،‌ تێكۆشانی هاوبه‌شی ژنان ئیتر بووه‌ته‌ پێویستییه‌ك و وتی، " ٢٠٢٢ دەبێته‌ ساڵك، كه‌ ئێمه‌ تێكۆشانی هاوبه‌ش گه‌وره‌تر و فراوانتر بكه‌ین".

ساڵی ٢٠٢١ كۆتایی هات. ‌ هێرشه‌كانی ئەمدواییەی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی ژنان له‌ بیری مرۆڤدا ماون. رۆژانه‌ دوو ژن به‌ هۆی توندوتیژیی پیاوه‌وه‌ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، په‌یماننامه‌ی ئیسته‌نبوڵ كه‌ له‌ دژی توندوتیژیی سەر ژنان ببوه‌ قه‌ڵغان، هه‌ڵوه‌شێنرا.

عایشە‌ ئاجار باشاران وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ له‌ روانگه‌ی ژنانه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ساڵی ٢٠٢١ كرد و به‌ بیری هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌و ساڵه‌دا زۆرترین هێرش كراونه‌ته‌ سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی ژنان.

عایشە‌ ئاجار باشاران ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد،‌ له‌ ساڵی ٢٠٢١دا، هه‌م ژماره‌ی رووداوه‌كانی كوشتنی ژنان زیاتر بوون، هه‌م تێكۆشان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانەدا گه‌وره‌تر بووه‌.

عایشە‌ ئاجار باشاران رایگه‌یاند، كوردستانیش ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی ده‌سه‌ڵات، كه‌ له‌ دژی ژنن، له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت، به‌ توندوتیژی لەلایەن ئه‌فسه‌رانی دەوڵەت لە دژی ژنان به‌ڕێوه‌چوون و وتی، "ئێمه‌ ده‌زانین له‌م وڵاته‌ ئه‌وانه‌ی تاوانێك ئه‌نجام دده‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ به‌رگی سه‌ربازیدا بێت ئەوە راستەوخۆی په‌یوه‌ندیی به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هەیە و ئەو تاونبارە زیاتر و به‌ ئاسانی ده‌پارێزرێت و به‌ مافدار نیشان ده‌درێت".

عایشە‌ ئاجار باشاران ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، ده‌ڕزێت و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌رێت. باشاران وتی، "به‌ڵام دەیەوێت به‌ له‌ناوچوون و رۆیشتنی خۆی، كۆمه‌ڵگەش لەگەڵ خۆی دابڕزێنێت. ده‌سه‌ڵات كۆتایی پێدێت، به‌ڵام گۆڕینی كۆمه‌ڵگایه‌كی داڕزاو  و رووخاو زۆر دژواره‌. به‌ بڕوای من ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌".

باشاران تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ پێشهاته‌ مه‌ترسیداره‌كان ته‌نیا له‌ شه‌قام و گرتوخانه‌كان دا نییه‌، بەڵکو سیاسه‌تمه‌دارانی ژنیش له‌ په‌رله‌مان هه‌ستی پێده‌كه‌ن و به‌ بیری هێنایه‌وه،‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ دان به‌خۆدانه‌گرتن و تەحەمول نەکردن زۆر بووه‌، هاندان بۆ وته‌ نه‌فره‌ت ئامێزەکان دەکرێت، ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی و زایەندپەرەستی زیاتر پێشده‌خرێت، به‌ سه‌ربازگه‌كردن رێكخستنی بۆ ده‌كرێت.

عایشە‌ ئاجار باشاران رایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌ په‌رله‌مان فرە لایەنی و فرە رەنگی به‌ بنه‌ما بگیردرێت، له‌ رووی دیموكراسییه‌وه‌ بواره‌كانی دانوستانی هاوبه‌ش گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ بكرێت و به‌ پێی ئه‌وه‌ ئه‌نجامی لێ به‌ده‌ستبخرێت، به‌ڵام له‌ توركیا له‌ بری ئه‌وه‌ی وته‌ی ژن نیوه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ به‌كاربهێنرێت و کاری پێ بکرێت، پیاو له‌ بری ژنان قسه‌ ده‌كه‌ن و بۆ درێژه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك توندوتیژی ئەنجام دەدەن.

وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ رایگه‌یاند، له‌ توركیا سه‌رباری تێكۆشانیش نوێنه‌رایه‌تیی ژنان نه‌یتوانی له‌ سه‌دا ٢٠ تێپه‌ڕێنێت و ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا بێت، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا هه‌ده‌په‌، پێویسته‌ دامه‌زراوه‌كانی ژنان هه‌ر هه‌موویان گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر حزبه‌كانی تر و هانیان بده‌ن.

باشاران هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، هه‌م په‌یوه‌ست به‌ توندوتیژی بۆ سه‌ر ژنان و هه‌م سه‌باره‌ت به‌ دۆخی گرتووخانه‌كان پێویسته‌ په‌رچه‌كرداری كۆمه‌ڵگا به‌هێزتر بكرێت و داوایكرد، ساڵی ٢٠٢٢ ببێته‌ رێگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌.

باشاران به‌بیری هێنایه‌وه،‌ له‌ ساڵی ٢٠٢١دا وێڕای هه‌موو شتێك ژنان له‌ گۆڕه‌پانه‌كان نه‌كشانه‌وه‌ و به‌و هیوایه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ ساڵی ٢٠٢٢ كردووه‌.

عایشە‌ ئاجار باشاران له‌ كۆتاییدا وتی، "له‌ كاتێكدا له‌ رووی ئابوری، سیاسی و ژینگه‌وه‌ قه‌یرانه‌كان قوڵ بوون، ساڵی ٢٠٢١ سه‌لماندی كه‌ تێكۆشانی هاوبه‌ش بۆ ژن چه‌نده‌ پێویسته‌. ساڵی ٢٠٢٢ ده‌بێته‌ ساڵێك كه‌ زه‌مینه‌كانی تێكۆشانی هاوبه‌ش به‌هێز بكرێت و پشتیوانی فراوانتر بكرێت. ده‌سه‌ڵاتداری خۆی له‌ خۆیدا ده‌هه‌ژێت. له‌و بڕوایه‌دام، كه‌ ساڵی ٢٠٢٢ دەبێته‌ ساڵێك، كه‌ ئێمه‌ جێگره‌وه‌و ئەڵتەرناتیڤی  نوێ ده‌خوڵقێنین. له‌ ساڵی ٢٠٢٠دا ئێمه‌ هه‌م تێكۆشان گه‌شتر ده‌كه‌ین، هه‌م وه‌ك ژنان ژیانێكی نوێ پێكه‌وه‌ بونیات ده‌نێین. ده‌بێته‌ ساڵێك كه‌ هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی گۆڕینی ئه‌م سیستمه‌ هه‌ڵده‌گرین، تێكۆشانی و پشتیوانی به‌هێز دەکە‌ین. هیوادارم ساڵی ٢٠٢٢ ئازادی بۆ ژنان بێنێت".

ژ.ت