چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

لە زۆرێک لە ناوەندەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژنان بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕژانە سەر شەقامەکان.

هەزاران ژن و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ پشتیوانی ژنان و تێکۆشانیان لە بەرامبەر توندوتیژی، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم بە دروشمی "دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و داگیرکارییەک، ژن، ژیان، ئازادی"، ڕێپێوانیان کرد.

 قامیشلۆ

هەزاران ژن لە بەردەم بازنەی عوسمان سەبری دەستیان بە ڕێپێوان کرد. بەشداربووان وێنەی شەهید ساکینە جانسیز، بێریتان، زیلان، شیلان، ئارین، ژینا ئەمینی و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە. هەروەها پانکارتی "دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی دەوڵەت و عەقڵیەتی پیاوسالاری، ژن، ژیان، ئازادی"، "بۆ تێکشکاندنی توندوتیژی و داگیرکاری تێبکۆشن"یان هەڵگرتبوو.

ڕێپێوانی بازنەی شەهید ڕووبار قامیشلۆ گۆڕا بۆ گردبوونەوە. لەوێ ئەندامی بەڕێوبەرایەتی کۆنگرەی ستار ڕەمزیە محەمەد قسەی کرد و تێکۆشانی ژنانی لە دژی توندوتیژی سلاو کرد.

ڕێپێوانەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕی، گەورەکردنی تێکۆشان لە دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری کۆتایی هات.

ڕەقە

لە ڕەقە، بە سەدان ژن و ئەندامانی مەجلیسی ژنانی سوریا، پارتە سیاسییەکان، هەموو ڕێکخراوە مەدەنییەکان و سەربازییەکانی ئەو شارە بەشدارییان لەو ڕێپێوانەدا کرد کە لە لایەن مەجلیسی ژنانی زەنوبیا ڕێکخرابوو.

ژنان لە پێش نەخۆشخانەی منداڵانی ڕەقەوە بەرەو گۆڕەپانی ژنی ئازاد ڕێپێوانیان کرد. لە مەیدانەکەدا، بێریڤان خالید، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وتارێکی پێشکەشکرد: "ئەم گۆرەپانە شایەتحاڵی زۆرێک لە تاوانەکانی داعشە دژ بە ژنان. هەموو ساڵێک لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بەڵێنمان  بۆ هەموو ژنان نوێ دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان تا هەموو ژنان ئازاد دەبن".

دوای کۆتایی هاتنی وتارەکە، پارکیک بە ناوی "گۆڕەپانی ژنی ئازاد" کرایەوە.

منبج

لە مەنبەج بە سەدان کەس لە فولکەی میزان بەرەو فولکەی ئەل مەسەب ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا. لەبەردەم فولکەکەدا، وتەبێژی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بەیاننامەیەکی خوێندەوە.

لە بەیاننامەکەدا بەرخۆدانی ژنانی ناوچە داگیرکراوەکان و بەرخۆدانیان لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانی سلاو کرا.

حەسەکە

لە کانتۆنی حەسەکە سەدان ژن و دانیشتووانی ئەو کانتۆنە لە بەردەم فولکەی شەهید ئارین میرکان لە گەڕەکی میشەرفە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا. ڕێپێوانەکە لە بازاڕی ناوەندی شارەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە.

ژنان لە پێکهاتەی جیاواز بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە ڕێپێوانەکەیان ئەنجامدا.

لە بازاڕی ناوەندی بەناوی بەڕێوبەرایەتی کۆنگرەی ستار، وتەبێژی بەڕیوبەری، ڕەیحان لۆقۆ، قسەی کرد و سەرنجی خستە سەر گرنگی ئەم ڕۆژە، هێزی و یەکێتی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژی لەسەر ژنان.

ڕیحان وتی: گردبوونەوەمان لێرە و هاودەنگیمان لەسەر بنەمای باوەڕمان بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، دەرخەری هێزی ژنانی ڕۆژئاوا و بەرخۆدانیانە کە بە ئیرادەی ژنان سەردەکەوێت.

دوای وتارەکان، گرووپی تەڤگەری هیلالی زێرینی حەسەکە، شانۆیەکیان پەیوەست بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان پێشکەش کرد.