داکەبە، سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' پیرۆز کرد

داکەبە یەکێتی ژنانی دیموکراتیکی عەلەوی ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'ی پێرۆز کرد و ڕایگەیاند: "باشترین پاراستن ئەوەیە کە هەموو ژنێک خاوەنداری لە بەهاکانی ئازادیی بکات و بێتە تێکۆشەرێکی ئازادی."

سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' پیرۆزکرا

یەکێتی ژنانی دیموکراتیکی عەلەوی (داکەبە) بەبۆنەی ساڵیادی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ژنی کوردی تەمەن ٢٢ساڵ ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەو لە تاران بە بیانووی ئەوەی قژی دانەپۆشیبوو دەستگیر و بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەوە لە ١٦ی ئەیلول دوای ٣ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ژینا ئەمینی لە شاری سەقز شوێنی لەدایکبوونی بە مەراسیمێکی جەماوەری بە خاک سپێردرا. لە مەراسیمەکەدا ژنانی کورد وجەماوەری کورد بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دژی ڕژێمی کۆنەپەرەستی مەلاکانی ئێران داوای ژیانێکی ئازادیان بەرز کردەوە. ژنان وەکوو کاردانەوە قژیان بڕی و ئاوازی شۆڕشگێڕانەی کوردییان وتەوە."

لە درێژەی بەیاننامەکەدا وەها هاتووە:

"٩ چالاکوان، هونەرمەند و کەسانی ناڕازیی کە کاردانەوەیان بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی نیشاندابوو لە سێدارە دران. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندوو کە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٨٥٣ کەسی لە سێدارە داوە و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دوو ژنی تێکۆشەری کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، شەریفە محەممەدی دەرکردووە. بزووتنەوە و دەستپێشخەرییەکانی ژنان هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانێکی ئازاد" دەستپێکردووە. ئێمەش لەو باوەڕەداین کە هەموو ژنانی جیهان چ خاوەن بیروباوەڕ، بیروبۆچوون و ڕەنگ و ڕێباز دەبێت یەکبگرن و پێکەوە دژی ئەو دەسەڵاتدارانەی کە دوژمنایەتی ژنان دەکەن تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە. بەگوێرەی باوەڕی عەلەوییەکان، داوا لە هەمووان دەکەن لە پێناو باشی، جوانی و ڕاستگۆییدا بن. چونکە نەک تەنها ڕژێمی ئێران لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە دژی ژنان تاوان ئەنجام دەدرێت، بەڵام جیهان بەگشتی بێدەنگی هەڵبژاردووە. عەقڵییەتی پیاوسالاری هەوڵ دەدات بە ئامانج گرتنی چالاکوانانی سیاسی، نوێنەرانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و پارێزەران کە دەنگی تێکۆشانی ژنانن بێدەنگیان بکات بەڵام مێژوو بەرخۆدانی ژنە قارەمانانەکانی لەبیر نەکردووە و ڕێگە نادات لەبیر بکرێت ژنانی بوێر کە لە پێناو ئازادیدا تێدەکۆشن خاوەنداری لە میراتی خۆیان بۆ ئایندەیەکی شکۆمەند دەکەن.

ئێمە وەک ئەندامانی یەکێتی ژنانی دیموکراتیکی عەلەوی کاریگەری ڕوانگەی، "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە بیروباوەڕەکانمانەوە بەیەکمانەوە دەمانبەستێتەوە دەبینین و بە هەموو زمانەکانمانەوە خاوەنداری لێدەکەین.

لە دژی ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر شوناس، کەسایەتی، جەستە، ڕۆح و هەموو بوارەکانی ژیانی ژنان خۆپاراستن مافێکە لە تێکۆشانی ئازادی و باشترین شێوازی پاراستنە و دەبێت هەموو ژنان خاوەنداری لە ئازادی بکەن و ببێتە تێکۆشەرێکی ئازادی.

ئێمە وەک داکەبە سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە لە پێناو ڕاستی جیهاندا لە تێکۆشاندان، دەنگیان بەرز دەکەنەوە، باجەکەی چی دەبێت دەیدەن و لە دژی هەر جۆرە کۆنەپەرەستیەک ڕاپەڕیون."