دەم پارتی و تەژەئا لە هەولێرن: ئێمە لە دژی شەڕ بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە

دەم پارتی و تەژئا لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی سیاسی و چالاکوان لە هەولێر کۆبونەوە. لە میانی دیدارەکەدا پەیامی " لە کوردستان شەڕێکی گەورە ڕوودەدات. وەک گەل و ژن بەرپرسیارێتی هاوبەشمان دەکەوێتە سەر شان" راگەیەندرا.

کۆبوونەوەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە هەرێمی فیدراڵی کوردستان بەردەوامە. شاندەکە پێکهاتوون لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان و گوڵجان کاچماز و پەرلەمانتاری پێشوو عایشە ئاجار باشاران، لە شاری هەولێر لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی سیاسەتمەدار و چالاکوان سەبارەت بە گۆشەگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشەکانی سەر هەرێمەکە کۆبونەوە.

هەروەها پارێز عومەر کاندیدی پەرلەمانی یەکێتی لە هەولێرەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد. پارێز عومەر لە میانی دیدارەکەدا وتی: "خۆشحاڵین بە هاتنی شاندەکە. ئەم دیدارە لەپاڵ لایەنە دۆست و نیشتمانییەکاندا، دیدارێکی خۆسەری ژنانیشە. لە هەر شوێنێک دەبێت با ببێت ئێمە نەتەوەیەکین. لەسەر ئەو بنەمایە دەمانەوێت لە پرسی ژنان، نەتەوایەتی بوون و وڵاتەکەماندا زیاتر هاوکاری بکەین. ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە ژنانی کورد زیاتر لەگەڵ یەک کۆببنەوە."

هەروەها پەرلەمانتار نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان ڕایگەیاند: "لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان ئێمەی ژنان ڕووبەڕووی گوشار و ئاستەنگی زیاتر دەبینەوە. لەبەرئەوەی ئێمە کوردین. لە هەموو پارچەکانی کوردستان سیاسەتی گوشاری جیاواز هەیە. لە ئێران پەخشان عەزیزی مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە. ئەمڕۆ شەڕێکی گەورە لە کوردستان لە ئارادایە. وەک گەل و ژن بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە. یەکگرتوویی ژنان، پاڵپشتی و تێگەیشتنیان لە بابەتی بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەییدا زۆر گرنگە. چونکە ژنان هەوێنی کۆمەڵگا و پێشەنگەکانین."