دەستپێشخەریی دادپەروەری نێونەتەوەیی بۆ ناگیهان ئەکارسەل بەیاننامەیەکی سەبارەت بە دۆسیەی داخراوی ڕۆژنامەنووس، ئاکادیمیست و چالاکوانی مافەکانی ژنان ناگیهان ئاکارسەل کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەولەتی داگیرکەری تورکەوە لە شاری سلێمانی تیرۆرکرا، بڵاوکردەوە. دەستپێشخەرییەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە هەرچەندە بەڵگەی زۆر هەیە لە سەر ئەوەی ناگیهان ئاکارسەل لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی تورکەوە تیرۆرکراوە، بەڵام تەنها ئیسماعیل ڕاسم ڕەفعەت پەکەر بە تاوانبار دانراوە، دەستپێشخەرییەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە نەک هەر هیچ هەوڵ و ڕێگریەک لە کوشتنەکان نەکراوە، بەڵکوو تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی بەرامبەر بکۆژەکان و هاوکارانیان نەگیراوەتەبەر.
دەستپێشخەرییەکە ئاماژەی بەوەشدا کە "تا دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داوە دادگایی دەکرێت، هەوڵدانمان بۆ دادپەروەری بەردەوام دەبێت" و داواکارییەکانیشی بۆ ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ پاراستنی ژیان و مافی ژنان و ڕۆژنامەنووسانی کورد ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛
دەستپێشخەری "دادپەروەری بۆ ناگیهان ئاکارسەل" ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێکردووە. ناگیهان ڕۆژنامەنووس و ئاکادیمیست و چالاکوانی مافی ژنان ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە کاتی چوونەدەرەوەی لە ماڵەکەی لە ناوەندی شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان تیرۆر کرا. ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ١٥٠ رێکخراوەی ژنان لە هەموو وڵاتان لە نامەیەکی کراوەدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و حکومەتی عێراق داوای ڕوونکردنەوەی پشت ڕووداوەکەیان کرد و ڕایانگەیاند ئەم کوشتنێکی سیاسییە و دەبێت تاوانبارانی ئەم کوشتنە دادگایی بکرێن. هەروەها داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی کرد.
ڕۆژی ٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، بکوژ ئیسماعیل ڕاسم ڕەفعەت پەکەر، هاوڵاتی تورکیا، لەلایەن دادگای باڵای هەرێمی کوردستانەوە بە پێی مادەی ٢٠٢ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. بەڵام سەرەڕای ئەوە نە بنەماڵە و نە کەسوکاری ناگیهان ئاکارسەل لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگا ئاگادار نەکرانەوە و ئاگایان لە هیچ نییە. بەگوێرەی بڕیاری دواتری دادگا و ئەو زانیاریانەی کە لە ڕۆژنامەکانەوە دەستکەوتوون، ئیسماعیل پەکەر پێشتر لە تورکیا بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ژنێک لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧ دەستگیرکراوە. هەرچەندە پەکەر سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام لە ساڵی٢٠٢٢دا ئازادکراوە. دوای کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل، ئیسماعیل پەکەر لە ئیفادەکانیدا لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی باشووری کوردستانەوە دانی بەوەداناوە کە لە لەلایەن بەرپرسێکی حکومەتی تورکیاوە نێردراوەتە سلێمانی بۆ کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل. ئەو بکوژە هەتا جێبەجێ کردنی پلانەکانی لەلایەن ئەندامانی دەزگای میتی تورکەوە ڕێنمایی کراوە و بەردەوام پەیوەندیان پێکەوە هەبووە و چەکیان بۆ دابین کردووە.
هەرچەندە بەڵگەی زۆر هەیە کە کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدراوە و کەسانێکی زیاتر لەو تاوانەدا بەشدارن، بەڵام تەنیا ئیسماعیل ڕاسم ڕەفعەت پەکەر لە تاوانباران دەستگیر کرا. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتووە بە شێوەی مەبەستدار هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی لە دژی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە نەگیراونەتەبەر.
نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەڵامی نامە کراوەکەمان لە ساڵی ڕابردوودا، ڕایگەیاندووە: نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بەو کوشتنەوە. بەڵام پێدەچێت هیچ ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی ژیان و ئازادی لە داکۆکیکارانی مافەکانی ژنانی کورد نەگیرابێتەبەر. به پێچەوانەوه هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەروەها نەگرتنەبەری ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و پاسیڤ بوونی سیاسی ڕێکخراوه نێونەتەوەییەکان زیاتر حکوومەتی ئاکەپه –مەهەپەی هانداوە بۆ بەردەوامیدان بە کردەوە تیرۆرییەکانی بە تایبەتی دژی ژنانی پێشەنگ و ڕۆژنامەنووس لە دەرەوەی وڵات. بۆ ئەمەش نموونەکان زۆرن هەر لە پاریسەوە بە تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە هەتا دەگاتە تیرۆر کردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ٢٠٢٤ لە سڵێمانی تاوانەکانی بەردەوامە.
داوا لە ئەنجومەنی ئەوروپا و دامەزراوەکانی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ڕێوشوێنی خێرا و کاریگەر بۆ رێگریی لە تاوانکارییەکانی تورکیا بگرنەبەر و دڵنیابن لەوەی ئەنجامدەرانی ڕاستەقینەی ئەو کوشتنانە شایانی سزای نێۆنەتەوەیین.
بەمەبەستی دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ ناگیهان ئاکارسەل و ژنانی دیکە کە لەلایەن دەوڵەت تورکەوە کوژراون و ڕێگری لە بەردەوامی ژنکوژییەکانی دەوڵەتی تورک، داوا لە ڕۆژنامەنووسان، ئاکادیمیستەکان، هونەرمەندان، ڕێکخراوە هەرێمی وجیهانیەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان دەکەین هەتا لە ڕێگای ڕۆژنامە، بەیاننامە و بابەت و چالاکییەکانەوە لایەنە سیاسییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییانە هەڵسەنگێنن وڕای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە. هەروەها داواکارین پێکەوە لە پێناوە ئاشکرا کردن و دادگایی کردنی بکەرانی ڕاستەقینەی ئەم تیرۆرانە کاری هاوبەش بکەن.
هەروەها لەم پێوەندییەدا دیسانەوە بۆ داکۆکی لە ژیان و مافی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان و ڕۆژنامەنووسانی کورد داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە دەکەین
- هەروەها داوای دادگاییکردن و سزادانی تاوانبارانی تیرۆری ناگیهان ئاکارسەل و لەگەڵ کوشتنەکانی دیکەی دەرەوەی یاسا دەکەین.
- ئاسمانی عێراق و سوریا بەڕووی هێزی ئاسمانی تورکیا بەتایبەت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دابخرێت.
- هەروەها داوا لە تورکیا بکەن کۆتایی بە هێرش و سیاسەتی داگیرکارییەکانی و تیرۆری سیستماتیک دژ بە گەلانی دانیشتووی هەموو ناوچەکانی کوردستان و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان بەتایبەتی لە خاکی عێراق و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بهێنێت.
-بەهۆی تاوانی جەنگی و تاوان دژی مرۆڤایەتی بەتایبەتی کۆمەڵکوژی و ژنکوژی پێوستە ئەردۆغان و حکومەتی ئاکەپە- مەهەپە بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان رووبەڕووی لێپێچینەوە و دادگاییکردن بکرێنەوە.