دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە نێوان پێنج ساڵدا ١٤٢ ژنیان تیرۆر کردووە

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتاکانییەوە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٤دا ١٤٢ ژن شەهید بوون. حەلیمە عوسمان کە ژنە ڕزگاربووەیەکی ئەو هێرشانەیە باسی لەوەکرد؛ ئیرادەی ژن ئامانجی دەوڵەتی تورکە.

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەو گۆڕانکارییانەی لەگەڵ شۆڕشدا لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و پەرەوەردەییەوە دروستبووە، بووە پرۆسەیەک کە سەرلەنوێ ڕۆڵێ ژنی تێدا پێناسە بکرێتەوە. بێگومان لەم شۆڕشەدا ژن ڕۆڵی سەرەکی و بنەڕەتییان هەبووە بەم هۆکارەش بوون بە ئامانجی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بەجۆرێک؛ لە نێو پێنج ساڵدا ١٤٢ ژن بە هێرشی ئاسمانی و تیرۆرەوە کراون بە ئامانج. لێرەدا باس لە چیرۆکی بەشێک لەو ژنە پێشەنگە شەهیدانەی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەین؛

خالیدە عیسا

خالیدە عیسا و کوڕەکەی هەژار سلێمان لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤دا لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورک لە قامیشلۆ شەهید بوون. خالیدە عیسا لە ساڵی ١٩٧٩ لە تربەسپی لە دایک بووە. خالید دایکی ٤ منداڵە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڕەکی عەنتەرییەی بەشداری کۆمەڵەی شەهید جەسور بوو. دوای چەند ساڵ کار و خزمەت دەبێتە بەڕێوەبەری کۆنگرە ستاری گەڕەکی عەنتەرییە. هەروەها لەڕووی خۆشەویستی و هەوڵی تێکۆشانەوە خالیدە کوڕێکیشی بەشداری ناو تێکۆشانی ئازادی بووە و بوو بە گەریلا.

لەیمان شوێش و یوسرا دەروێش

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش و جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ لەیمان شوێش لە هێرشی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ی دەوڵەتی تورکدا شەهیدبوون.

لەیمان شوێش لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری عامودی کانتۆنی جزیرە لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٨٩ەوە بەشداری کاری تێکۆشانی ئازادی ئەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٢ بە پاساوی کار و تێکۆشانی ئازادی ژن لە لایەن پەدەکەوە بۆ ماوەی ٦ مانگ دەستگیردەکرێت. لە درێژەی کارەکانیدا لە ساڵی ٢٠٠٨ دەچێتە ڕوسیا و بۆ ماوەی ٧ ساڵ لەوێ خەباتیکرد. دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوا و لە کۆبانێ درێژە بە خەباتی ئازادی ژن دەدات.

یوسرا دەروێش لە ساڵی ١٩٧١ لە عامودێ لەدایک بووە. هەر لەمنداڵییەوە هەست بەو سیاسەتە نەژادپەرستییەی ڕژێمی سوریا دەکات کە لە ڕێگەی پەرەوەردەوە جێبەجێدەکات بۆیە لەوکاتەوە دژی ئەو سیستەمە نەژادپەرستییە دەبێتەوە و بەشداری ناو کارەکانی تێکۆشانی ئازادی دەبێت. لە خەمخۆری بۆ پەرەوەردە دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بەرێوەبەرێتی قوتابخانەکانی عامودێ. لەساڵی ٢٠١٢دا لە هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی عامودێ کاری کرد و دواتر بۆ هاوسەرۆکایەتی دەستەی پەروەردەی عامودێ هەڵبژێردرا.

ژیان و ڕۆژ و باران؛ جەنگاوەرانی ژنی شۆڕشی ڕۆژئاوا

ژیان تۆڵهەلدان، ڕۆژ خابور و بارین بۆتان کە بەشداری خەباتی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوون؛ لە ٢٢ی تەمموزی ٢٠٢٢ بوونە ئامانجی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. لە ئەنجامدا ئەو سێ جەنگاوەرەی یەپەژە شەهید بوون.

ژیان تۆڵهەلدان لە ساڵی ١٩٨٠ لە گوندی مەمالای ناوچەی ڕاجۆی عەفرین لە دایکبووە.ژیان بە هۆکاری بوونی بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزەوە زیاتر ئاشنای تێکۆشانی ئازادی کوردستان بوو، بەتایبەی دوای ئەوەی عەلی عەفرینی کاکەی لە ساڵی ١٩٩٦دا بەشداری تێکۆشانی ئازادی بوو. ژیان لە دوای پیلانگێڕی نێونەتەوەی ١٩٩٩ی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشداری ناو ڕێزەکانی تێکۆشانی ئازادی دەبێت.  ژیان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا چەندین کاری کرد بۆ یەکەمجار لە یەکێتی خوێندکارانی کوردستاندا کاردەکات، دواتر لە دامەزراندنی یەپەژە و یەپەگەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی. ژیان لە ڕوبەڕوبونەوەی چەتەکانی داعشدا لە چەندین گۆڕەپاندا خەباتیکرد.

ڕۆژ خابور لەساڵی ١٩٩٢ لە دربەسبی لەدایک بووە. لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەشداری ناو ڕیزەکانی شۆڕش بوو. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەپەگە. لە ماوەی تێکۆشانی ئازادییدا لە چەندین گۆرەپاندا لە دژی چەتەکانی داعش و چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خەباتیکرد.

بارین بۆتان لە ناوچەی ئەحرەزی کانتۆنی شەهبا لە دایکبووە. لە ساڵی ٢٠١١وە بەشداری ناو خەباتی یەکێتی خوێندکارانی کوردستان دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشداری ناو ریزەکانی یەپەژە دەبێت. لە ماوەی تێکۆشانی ئازادییدا لە چەندین گۆرەپاندا لە دژی چەتەکانی داعش و چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خەباتیکرد.

ڕۆژین و ڤیان  و نوژیان

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا ٤ کەسی تیرۆکرد، ڕۆژین دوای ئەوەی لەو هێرشەی دەوڵەتی تورکدا بە سەختی بریندار دەبێت، بەهۆکاری زرۆی برینەکەیەوە شەهید دەبێت.

ڤیان کۆبانێ، ژیان ئۆجالان و ڕۆژین ئەحمەد ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج بوو. هەرسێکییان دوای تێکۆشان لە گۆڕەپانەکانی کۆمەڵگەدا لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکەوە شەهید بوون.

هەبوون و زەهرا و ئامینە

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستاری کانتۆنی فرات زەهرا بەرکەل، ئامینە وەیسی، وە هەروەها ئەندامی کۆنگرە ستاری کانتۆنی فرات هەبوون مەلا خەلیل لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا لە دەرنجامی هێرشی درۆنی دەوڵەتی تورک لە گوندی هەلنجەی کۆبانێ شەهید بوون.

ڕۆژنامەوانی ڕێگەی حەقیقەت؛ دلۆڤان گەڤەر

دلۆڤان گەڤەر لە کاتی بەرخۆدانی کۆبانێدا وەک خەباتکارێکی ڕۆژنامەوانی کاری کرد. دلۆڤان بە درێژای بەرخۆدانی کۆبانێ هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانەی ئەوەبوو لە ڕێگەی چاوی کامێراکەیەوە حەقیقەتی بەرخۆدانی ئازادی کۆبانێ و دڕندایەتی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بگوازێتەوە بۆ جیهان. لە ساڵی ٢٠١٩دا لە کاتی گواستنەوەی هەواڵەکانی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گرێ سپی، دەبێتە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، بە سەربەرزییەوە بووە شەهیدی ڕێگەی ڕاگەیاندی ئازاد.

حەلیمە محەمەد؛ ڕزگاربوویەکی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک

دیارە لە دەرنجامی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکدا بۆسەر ژنان، هەندێک لەو ژنانە بە بریندارییەکی سەختەوە ڕزگارییان بووە. حەلیمە محەمەد یەکێکە لەو ژنانەی لە هێرشی ١٨ی نیسانی ٢٠٢٤ی دەوڵەتی تورک بۆسەر ئۆتۆمبیلەکەیان ڕزگاری دەبێت، بەڵام حەلیمە قاچێکی لەو هێرشانەدا لەدەست دەدات. حەلیمە باسی لە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد بۆسەر ژنان و ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی تورک لە ئیرادی ئازادی ژن دەترس بۆیە هێرشی سەر ژنان دەکات. بۆیە ژنان بە ئیرادەوە لە دژی ئەو هێرشانە دەوستنەوە.