دیدار لەگەڵ بنەماڵە لە زەینەب جەلالیان قەدەغەکرا

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد بە بڕیاری بەرپرسانی ئیتلاعات لە دیدار لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی بێبەشکراوە، ئەمەش دوای ئەوەی رەتیکردبووە نامەی پەشیمانبوونەوە و تۆبەنامە بنوسێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرەتای هەفتەی رابردوو زەینەب جەلالیان ژنە زیندانی سیاسی کورد، داواکاری ئەنجامی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرزکردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی یەزد ئاگاداریان کردووەتەوە کە بە فەرمانی بەرپرسانی ئیتلاعات قەدەغەیە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

بنەماڵەی ززەینەب جەلالیان کە لە ماکۆوە بۆ دیدار لەگەڵ کچەکەیان کەوتبوونەڕێ، دوای ئاگاداربوون لە بڕیاری قەدەغەکردنی دیدار، لە نزیک ئەسفەهان گەڕابوونەوە.

هاوکات پاش چەند مانگ ئازار لە پەراسووی، دواجار زەینەب جەلالیان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بەڵام بە کەلەپچەکراوی پشکنین و تیشکی بۆ ئەنجامدرا.

زەینەب جەلالیان لە زیندان تووشی چەند نەخۆشیەکی دیکەی پێست، چاو، کۆئەندامی هەناسەدان و گورچیلە بووە و بەردەوام رێگری دەکرێت لەوە چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.

لە مانگەکانی رابردوودا دوو جار بەرپرسانی ئیتلاعات لە زیندانی یەزد چاویان بەو زیندانیە سیاسیە کەوتبوو، داوایان لێکردبوو کە دەقی "تۆبەنامە"یەک واژۆ بکات و بەم جۆرە رێگە دەدەن چارەسەری پزیشکی بۆبکرێت، یاخود تەنانەت بە شێوەی مەرجدار ئازاد بکرێت. لە بەرامبەر زەینەب جەلالیان ئەو داوایەی رەتکردبووەوە.

وەک تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشدا جارێکی دیکە بەرپرسانی ئیتلاعات هەڕەشەیان لەو زیندانییە سیاسیە کوردە کردبوو کە ئەگەر پەشیمانی دەرنەبڕێت، لە خزمەتگوزاری پزیشکی و سەرجەم مافەکانی زیندانیان بێبەشدەکرێت.

زەینەب جەلالیان ساڵی ٢٠٠٧ لە سەر رێگەی نێوان کامیاران-کرماشان دەستگیرکرا و دوای ماوەیەکی زۆر لە ئەشکەنجەدان، سەرەتا بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەژاک و هەڵگرتنی چەک لە دژی دەسەڵات، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.