دۆزێکی نوێ لەدژی نێرگس موحەمەدی کرایەوە

ڕاگەیاندراوە، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، نەرگس موحەمەدی کە لە ساڵی ٢٠٢١ ـەوە لە ئێران زیندانی دەکرێت، ڕۆژی سێ شەممە جارێکی تر دادگایی دەکرێت و ئەگەری هەیە سزای نوێی زیندانیکردن بەسەریدا بسەپێنرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی بنەماڵەی محەمەدی، ئەو دۆزەی لە ١٩ ی کانوونی یەکەم لە کاتژمێر ١٠:٠٠ لە دادگای شۆڕشی تاران دەبینرێت، دەبێتە دۆزی یەکەم لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە، دووپاتیان کردەوە، بە هۆکاری سیاسی و ئەمنی جێبەجێکردنی سزاکەی لەدەرەوەی تاران دەبێت.

بەگوێرەی حسابی فەرمی نێرگس موحەمەدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هێشتا تاوانەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دۆسیەکە پەیوەستە بە "چالاکییەکانی" وی لە زیندانی ئەوین. هەروەها ئەمە جاری سێیەمە دۆزێکی هاوشێوەی دژی نێرگس موحەمەدی دەکرێتەوە.

نێرگس موحەمەدی ١٣ جار دەستبەسەرکراوە و لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانە، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە هێمایەکی دیاری شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی".

بنەماڵەکەی لە ١٠ ی کانوونی یەکەم لە ئۆسلۆ بەناوی وییەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیان وەرگرت، لە مەراسیمی خەڵات بەخشینەکەدا، نوسینێک لەلایەن مناڵەکانییەوە خوێنرایەوە و ئەم پەیامە درابوو: "من ژنێکی ئێرانی مەغدوری دەستی ستەم و فشاری ڕژێمی ستەمکاری ئایینییم. گەلی ئێران بە بوێری و تێکۆشانی خۆی بەرامبەر فشار و دەسەڵاتداری فاشیست سەردەکەوێت".