بە دیمەن

فەرماندەیی یەپەژە: لەبەرامبەر هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرخۆدان دەکەین

لە بەغدا بە بۆنەی ساڵیادی فەرمانی کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠١٤، ژنانی ئێزدی و عێراقی کۆنفرانسێک بەڕێوە دەبەن. کۆنفرانسەکە بە خوێندنەوەی وتارەکان بەردەوامی هەیە. سۆزدار دێریک ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەپەژە ڕایگەیاند، "لە بەرامبەر هەموو جۆرە توندوتیژی و هێرشێک بەرخۆ

لە پایتەختی عێراق، ژنانی عێراقی و ئێزدی بە بۆنەی فەرمانی کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠١٤، سێیەمین کۆنفرانسی خۆیان بەڕێوەدەبەن. کۆنفرانسەکە بە خوێندنەوەی پەیامەکان لە ژێر دروشمی "بە تێکۆشانی یەکگرتووانە لە دژی کۆمەڵکوژی ژنان ببە بە دەنگی خۆپاراستن" بەردەوامی هەیە.

پەیامی کوردانی فەیلی لە کۆنفرانسەکەدا لەلایەن نوێنەری کوردی فەیلی نەوال وەهاب خوێندرایەوە.

وەهاب ڕایگەیاند کە ئامادەبوونیان لە کۆنفرانسەکە بۆ پاڵپشتی سەرجەم ژنانی ئێزدییە و وتی: "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو ژنانی ئێزدیی کە ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی، توندوتیژی و چەوسانەوەی دڕندانە بوونەتەوە نیشان بدەین. هەروەها پێویستە ببینە دەنگێکی بەهێز و کاریگەر و هەوڵبدەین ئەو یاسا و سیاسەتانەی کە توندوتیژی و جیاکاری درێژە پێدەدەن بگۆڕین."

'وەرن با پێکەوە تێکۆشان بکەین'

نەوال وەهاب لە میانەی وتارەکەیدا داوای تێکۆشانی هاوبەشی کرد و وتی: " کێشەکان زۆرن، بەڵام بە ئیرادەی هاوبەشمانەوە دەتوانین گۆڕانکاری دروست بکەین. پێویستە پێکەوە ژن و پیاو، ڕێکخستنە حکومی و مەدەنییەکان، بۆ بنیاتنانی جیهانێک کە مافی ژنانی ئێزدی تێدا پارێزراو و لە ئاسایش دا بێت، تێکۆشان بەرز بکەینەوە. وەرن با پێکەوە، ببینە دەنگێک لە دژی نادادپەروەری بۆ بەدەست هێنانی ئارامانجەکانمان."

پاشان بەناوی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە پەیامی ڤیدیۆیی سۆزدار دێریک ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەپەژە بڵاو کرایەوە.

ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەپەژە سەرەتا بەناوی یەپەژە و سەرجەم هەڤاڵانیەوە سڵاوی ئاراستەی بەشداربوانی کۆنفرانسەکە کرد و ڕایگەیاند: "سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ژنانی ئێزدی بەڕێوە دەچێت، ئێمە دەڵێین ساڵانێکی زۆر تێپەڕیوە کە ئێمە وەک گەلێک و ژنانی هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی زۆر سەختی و زەحمەتی بووینەتەوە. ئەو هێرش و کۆمەڵکوژییانەی کە سیستەمی دەسەڵاتدار و بەتایبەتی داعش لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دژی هەموو ژنان ئەنجامیان داوە شەرمەزار و نەفرەت دەکەین. هەوڵدەدەین گەلانی هەرێمەکە، ژنان و بەتایبەتی گەنجان لە بواری ڕێکخستنیەوە بەهێزتر بکەین. ئێمە لەو باوەڕەداین ئەگەر ژنان هاودەنگی و یەکگرتوویی خۆیان بەهێز بکەن و پەرە بە ڕێکخستنی خۆیان بدەن، بە دڵنیاییەوە سەردەکەون و لە ئەنجامدا ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ هەموو جیهان بەدی دێت."

هەروەها سۆزدار دێریک داوای یەکڕیزی و یەکێتی لە هەموو ژنان کرد و وتی: "ئەوەی زیاتر بەرخۆدان دەکات و زۆرترین خاوەنداری لە کولتوور و بوونی خۆی دەکات، بە ڕاستی یەکڕیزی ژنانە. وەک یەپەژە ئێمە لەهەموو کاتێ زیاتر بەرخۆدان دەکەین و ژنان دەپارێزین. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدی لەلایەن یەکینەکانی ئێمەوە لە دەستی داعش ڕزگار کران. لە دەستی دیل گرتنێکی گەورە ڕزگار بوون.

بانگەوازی ئێمە وەک یەپەژە بۆ هەموو ژنان ئەوەیە کە بە شێوەیەکی جددیی و تێکۆشانێکی بەهێز لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بەرز بکەینەوە و پێکەوە یەکێتییەکی گەورە دروست بکەین و دەڵێین بژی یەکێتی ژنان، لە دژی هەرجۆرە داگیرکارییەک بژی بەرخۆدانی گەلان، بژی سەرۆک ئاپۆ، ژن، ژیان، ئازادی."

جێی ئاماژەیە هێشتا کۆنفرانسەکە بە خوێندنەوەی وتارەکان بەردەوامە.