هێرشەکانی تێکشکێندران و لە گوندەکانی سەر بە منبج ١٣ چەتە کوژران
قەسەدە رایگەیاند، کە هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندەکانی منبج تێکشکێندراون و ١٣ چەتە کوژراون.
قەسەدە رایگەیاند، کە هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندەکانی منبج تێکشکێندراون و ١٣ چەتە کوژراون.
ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە ئاماری بەرخودانی رۆژی ٤ی کانونی دووەم ٢٠٢٥ لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر گوندەکانی رۆژهەڵات و باشوری منبج ئاشکرا کرد.
راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هەوڵ دەدەن لە بەرەی شەری بەنداوی تشرین و هەرێمەکانی باشوری رۆژهەڵاتی منبجەوە پێشڕەوی بکەن. هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج دوێنێ شەممە سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندن کە ئەو هێرشانە بە پشتیوانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەنجام دەدران و لە ئاکامیشدا زیانی گیانی زۆر بەر چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کەوت.
دوێنێ کاتژمێر ١٣:٠٠ هێزەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر و چەتەكانی بەردەوام بوون لە هێرشەكانیان بۆ سەر گوندەكانی دەوروبەری بەنداوی تیشرین و پێكدادان لە نێوان هێزەكانمان و بەكرێگیراوان تا كاتژمێر ١٧:٠٠ـی ئێوارە بەردەوام بوو. هاوكات لە كاتژمێرەكانی بەرەبەیاندا هێزەكانی دەوڵەتی توركی داگیرکەر بە چڕی تۆپبارانی ناوچەكەیان كردە ئامانج و دواتر دەستیان بە هێرشكردنە سەر گردی سیریتێل كرد، بەڵام هێزەكانمان توانیان هێرشەكە بەرپەرچ بدەنەوە و ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی سەربازی لەناوببەن، هەروەها هەشت چەتە كوژراون.
لە هەمان كاتدا، كاتژمێر ١٣:٣٠ی دوێنێ، چەتەكان هێرشیان كردە سەر كێڵگەی “ئەبو سەعید” و شەڕڤانانمان هێرشەکەیان تێکشکاند، لە ئەنجامدا و ئەوەندەی روون بووەتەوە پێنج چەتە كوژراون.
دوای ئەوەی هەموو هێرشەكان لەلایەن هێزەكانمانەوە پووچەڵكرانەوە، دوژمنیش زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەركەوت؛ دوژمن دەروازەی چوونە ژوورەوەی گوندی “خربەت زەمالە”ی بە کاتیوشا بۆردوومان كرد.
لە لایەكی دیكەوە یەكەكانی شەهید هارون ١٣ خاڵ و پێگە و ئۆتۆمبێلی دوژمنیان لە ناوچەكە كردە ئامانج. هێزەکانمان لە نزیک شارۆچکەی دێر حافەر؛ خاڵێكی چەتەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیایان كردە ئامانج و یەكێك لە چەتەكان بە سەختی بریندار بوو.
هەروەها ڕۆژی هەینی، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر كارگەی شەكری لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی دێرحافەر، بە فڕۆكەی جەنگی كردە ئامانج و لە ئەنجامدا بەشێكی گرنگی كارگەكە لەناوچوو هەرچەندە دامەزراوەیەكی مەدەنیی گرنگە كە خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكات، بەڵام دەوڵەتی تورك هەموو شتێك لە ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەكاتە ئامانج و ژێرخانی مەدەنیش لەو هێرشانە پارێزراو نین".