هەولێر؛ بە ڕووداوێکی گوماناوی دایک و کچێک گیان لەدەست دەدەن

دوێنی لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شاری هەولێری باشووری کوردستان دایکێک لەگەڵ کچەکەیدا گیان لەدەست دەدەن.

لە ڕووداوێکی گوماناوییدا لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شارەدێی کەسنەزانی شاری هەولێری باشووری کوردستان؛ دایکێک و کچەکەی کە تەمەنی ٨ ساڵە و بە ڕەگەز لە نەتەوەی عەرەبن، دوای کەوتنە خوارەوایان لە نهۆمی ٨ی باڵاخانەی نیشتەجیبوونیانەوە گیان لەدەست دەدەن و دواتر تەرمەکانیان دەبرێتە پزیشکی دادی هەولێر.

دەربارەی ڕووداوەکە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو شارە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە بە ڕاگەیاندنەکان، کە ئەمەش هێندەی تر ڕووداوەکە گوماناویتر دەرخات.

شایەنی باسە هەر دوێنی هەواڵی گیانلەدەستدانی ژنێکی گەنجی دانیشتووی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بڵاو بووەوە، کە بە شێوەیەکی گوماناویی و بە خنکان گیانی لەدەستدابوو.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی ڕۆژنیوز کۆی کردوونەتەوە و پشتی بە ئامارە نافەرمییەکان دەبەستێت؛ لە مانگی تەمووزدا یەک ڕووداوی ئاشکرای ژن کوژی و  شەش ڕووداوی مردنی بە گوماناویی ژنان هەبوون، کە کۆی گشتی لەمساڵدا دەگەیەنێتە ٣٧ حاڵەتی کوشتن و گیانلەدەستدانی بە گوماناویی ژنان.