'خۆپاراستن مسۆگەرکردنی ئازادییە'

لە دامەزرێنەرانی ماڵی ژنان لە عامودێ حەمدیە عەبدوڵا رایگەیاند، "ژنێکی بێ خۆپاراستن ناتوانێت دەستکەوتەکانی خۆی بپارێزێت. هەر کە خۆپاراستن بەهێزتر بکرێت، ئازادیمان مسۆگەر دەبێت".

حەمدیە عەبدوڵای تەمەن ٥٣، لە بنەماڵەیەکدا گەورە بووە کە لە ساڵی ١٩٨٥ەوە لە نزیکەوە ئاشنای تێکۆشانی ئازادی کوردستانن و ساڵانێکی زۆرە لەپێناو دۆزی گەلی کورد و گەلانی دیکە تێدەکۆشن.

حەمدیە یەک لە بەرپرسیارانی ماڵی ژنان لە عامودێیە، لە یەکێتی ستارەوە تا کۆنگرەی ستار بەشداری لە زۆر کار و خەباتی ماڵی ژنان کردووە.

حەمدیە عەبدوڵا باس لەوەدەکات کە دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٥ەوە بزوتنەوەی ئاپۆییان ناسیوە کە لەپێناو ئازادی گەلی کورد و ئازادی ژنان تێکۆشاوە، بەشدارییان لە کار و خەباتدا کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٤ دوای سەرهەڵدانەکەی قامیشلۆ زیاتر گوڕیان بەو تێکۆشانەداوە و بە رێگەی جیاجیا خۆیان گەیاندووەتە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا و ژنانیان رێکخستووە. لە بڵاوکردنەوەی بڵاڤۆکەوە تا کۆکردنەوە و قسەکردن بۆ ژنان هەوڵیان داوە زیاتر بزوتنەوەی ئازادی کوردستان بەوان ئاشنا بکەن.

تێکۆشان بۆ ئازادی ژنان

حەمدیە عەبدوڵا باس لەوەدەکات، منداڵی گەورەی ماڵەوە بووە و دوای کۆچی دایکی باوکی، لەگەڵ دایکی ماوەتەوە و وەک دوو هاوڕێبوون، بەهۆی ئەوەی لە نزیکەوە ستەمی پیاوسالای بەرامبەر بە ژنان بینیوە و هەرگیز بەرامبەر بەو ستەمەی لە ژنان دەکرێت خۆی پێنەگیراوە و بەرامبەری وەستاوە، نەیویستووە بکەوێتە ژێر سەروەری پیاوسالاری و لە بری ئەوەی لەگەڵ پیاوێکدا بژی، بریاریداوە لەگەڵ بنەماڵەکەی بمێنێتەوە و لەپێناو ئازادی ژناندا تێبکۆشێت.

یەک لە دامەزرێنەرانی ماڵی ژنانە

حەمدیە عەبدوڵا یەک لەو چوار ژنەیە کە دامەزرێنەری ماڵی ژنانن لە عامودێ کە لە ساڵی ٢٠١١دا کرایەوە و لەو بارەوە وتی، ٢٢ ژن لەلایەن گەلەوە بۆ راپەڕاندنی کارەکانی یەکێتی ستار هەڵبژێردرابوو. کارەکان رۆژ لە دوای رۆژ بەرفراوانتر دەبوون، کێشەکان زیادیان دەکرد، هەربۆیە بڕیاردرا کە ماڵی ژنان دابمەزرێنن، بەڵام ئەمەش ئاسان نەبوو، بەتایبەتی بەربەرەکانێ لەگەڵ مێشکێک کە خۆی بەرامبەر بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی تایبەت بە ژنان پێنەدەگیرا، ئاسان نەبوو. بەڵام دواجار بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی تێکۆشانی ئازادی ژنان گەیشتنە ئەو ئاستە و ماڵی ژنانیان دامەزراند، ئەگەر چی لەسەرەتادا بە شوێنێکی بچوک دادەنرا، بەلام دواتر بووە ئەو شوێنەی ژنان وپیاوان لەوێ کۆدەبنەوە و کێشەکانی خێزان تاوتوێ دەکەن و ئەوەش لەسایەی تێکۆشانی بەردەوامی ژنان.

خۆپاراستن ناو و ناوەرۆکی بەرخودانی ژنانە

حەمدیە عەبدوڵا باسی لەوەکرد کە خۆپاراستنی ژنان بە پشتیوانی ژنان دەگاتە ئاستێکی بەرز  وتی، "هەر ژنێک لە ناو ژنێکی دیکەدا شاراوەتەوە، ئەو ستەم و گوشارەی لەژنان دەکرێت یەک شتە. لە هەمان کاتدا بەرخودانی ژنان هاوبەشە. ژنی خۆڕاگر ژنی ئازادە. خۆپاراستنی ژاوی بەرخودانی ژنانە. ژنان بە بێ خپاراستن ناتوانن دەستکەوتەکانیان بپارێزن. هەربۆیە لەگەڵ بەهێزبوونی خۆپاراستن ئازادیشمان مسۆگەر دەبێت".

هـ. ب