کەمپەینی ئازادی بۆ ئایسەڵ توغڵوک بەردەوامە

گولیزار ئیپەکلی ئەندامی دامەزرێنەری پلاتفۆرمی ژنانی شاماران وتی، بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ئازادیی سیاسەتمەداری کورد ئایسەل توغڵوک، کە ماوەی ٦ ساڵە زیندانی کراوە و سەرەڕای نەخۆشبوونی ئازاد ناکرێت.

گولیزار ئیپەکلی ئەندامی دامەزرێنەری پلاتفۆرمی ژنانی شاماران سەبارەت بە کەمپەینی ئازادی بۆ سیاسەتمەداری کورد ئایسەل توغڵوک ڕایگەیاند، لە ٢ی کانوونی دووەمەوە بە بەشداریی چەندین ڕێکخراو و پلاتفۆڕم دەستیان بە کەمپەینەکە کردووە، چونکە دەزگای پزیشکی داد بڕیاری سیاسی دەدات.

 ئیپەکلی راشیگەیاند، لە ماوەی مانگێکدا ٩ کەس لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە و وتی: "لە سیستمی ئێستادا نە یاسا نێونەتەوەییەکان و نە یاسا ناوخۆییەکان کاریان پێ ناکرێت. ئێمە داوای ئازادی بۆ ئەیسیل توغڵوک دەکەین و لە کەسایەتیی تۆغڵوکدا داوای ئازادی بۆ هەموو زیندانیانی نەخۆش دەکەین".

"تێکۆشانی هەموو ژنانە"

ئیپەکلی ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە هۆکارەکانی هێرش و گوشارەکانی سەر ئایسەل توغڵوک ئەوەیە، کە لە مێژووی سیاسیی کورددا یەکەم هاوسەرۆک بووە و وتی: ئایسەل توغڵوک لەخەباتی ژناندا بۆ هەمووان ناسراوە و چەندین ساڵە لە تێکۆشاندایە. نەک تەنها بۆ ژنانی کورد، بەڵکو بۆ هەموو ژنان ئەو تێکۆشانەی ئەنجام داوە".

"بەردەوام دەبین لە کەمپەینەکەمان"

ئیپکلی ڕایگەیاند، لە چەندین پلاتفۆرمی جیاوازدا هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئایسەل توغڵوک دەستپێکردووە و وتی: "ئەو کەمپەینەمان لە ٢ی کانوونی دووەمدا دەستپێکردووە و زۆر بەهێز بووە. لە تویتەر، ئێمە تاگەکانی 'ئازادی بۆ ئەیسیل توغڵوک'، 'دادپەروەری بۆ ئەیسیل توغڵوک'مان دەستپێکرد. وێبسایتەکمان دروست کردووە و وتارەکان و بابەتەکانی ئایسەل توغڵوکمان تیادا بڵاوکردووەتەوە. ئەو بابەتانەشی بۆ توغڵوک نووسراون لە ماڵپەڕەکەدا بڵاومانکردوونەتەوە.

 ئێمە دەقێکمان ئامادە کرد و وەرمانگێڕا بۆ سەر ٨ زمان. بە ناوی هەزار ژنەوە دەستمانکرد بە هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە.  ئەم هەڵمەتە تەنیا لە تورکیا ئەنجام نەدرا، بەڵکو لە ٥٤ وڵاتەوە بەشداری لە هەڵمەتەکەدا کرا و زیاتر لە ٦ هەزار ئیمزاش کۆکرانەوە.

 ئێمە نامەیەکمان بۆ ئەنجومەنی کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجە (سی پی تی) نارد. وەڵامیان دایەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. ئێمە سکاڵامان ئاراستەی وەزارەتی داد و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی کردووە. چەندین چالاکی و هەڵمەتی لەو شێوەیەمان ڕێکخستووە و چەندین چالاکی جۆراوجۆری تریش بۆ ئەیسیل توغڵوک ڕێکدەخەین و درێژە بە کەمپینەکەمان دەدەین".

ژ.ت